Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

September 4, 2010

پێرێ، دۆینێ، ئەمرۆ ... یان گرنگ نییە! جار هەیە لە ژیان خۆشییەکان بە ئەسپایی دێن و سەرخۆشت دەکەن و تۆ کەمێک سەرسوورماو و کەمێک ترساو، لێ ‌دەگەڕێی چرکەکان بە سەرخۆشی تێپەڕبن و به‌ ئه‌سپایی نوقمی خۆشییەکان دەبی!

دەزانی زۆر نین و زوو دەڕۆن و تۆ خۆ دەدەیە دەستیان!

خۆش ... سەرخۆش!







September 2, 2010

کە گەیشتمەوە هەر شەوی یەکەم کوڵەپشتییەکەم کردەوە، کتێبەکانم لە شوێنی خۆیان داناوە و جلەکانم دانا بۆ شۆردن. شتەکانی ترم دەگەڵ ماندوویەتی سەفەر ڕشتە ناو کوڵەپشتییەکە و بردمە ژێرخان و دەرگام لە سەرداخستن. ماندوویەتی بەڵام ڕی وون ناکات. فەرق ناکات چەند دەرگای بە چەند قفڵی زل لە سەر داخەی، ملی ڕێ دەگرێت و ڕێک دێتەوە و لە پێش‌دەمت قووت دەبێتەوە...

لە دەرێ باران دەبارێ. ساردە و هەورە ڕشەکان نزمتر و نزمتر دەبنەوە. ڕەنگ و ڕووی هاوین هێشتا لە سەر دارودەوەن دیاره سەرماکەی بەڵام لە سەرمای کۆتایی پایز دەچێ... سەرمایەکی ماندوو، کەمێک خۆڵەمێشی، کەمێک ڕووگرژ. جۆرە سەرمایەک کە ناتوانی لە هیچ بوخچەیەکدا بیپێچێوە و لە گۆشەی ژێرخاندا حەشاری بدەی، جۆرە سەرمایەک کە ملی ڕێ‌دەگرێ و تا قوڵایی ناخت ڕوودەچێ!

تێکەڵاوی ماندوویەتی و سەرما دەبێتە مەعجوونێک وەک حاڵی ئێستای من. سەرمامە بەڵام لە ژوورێ ئارام ناگرم، ماندووم بەڵام هەدادانم نییە. سەروبنی شەقامە درێژەکان گەزدەکەم، سەر بە هەموو کۆڵانەکاندا دادەکەم، لە بەر دەم هەر قاوەخانەیەک کە تێپەردەبم بە خۆم دەڵێم لە قاوەخانەکەی تر دادەنیشم و چاییەکی گەرم دەخۆمەوە، دە، پانزدە شوێنی وا تێپەڕدەکەم، ئیتر دڵنیام نە هەنگاوەکانم و نە دڵم بە قسەی من ناکان. ڕێگەی خۆیان دەڕۆن. لاساری هەنگاوەکان و دڵم لە لاسارییەکانی خۆم دەچێ. هەر ئەو لاسارییە کە وا دەکات لە پڕ سەفەر بکەم، یان لە غاری تەنیایەکانم دەرکەوم و یەک دوو ساعەت لە شەوەکانم دەگەل کەسێک لە سەر نیمکەتێکی نیوە تەڕی پارکێک دانیشم و قسە بکەین و پەبکەنین و لاپەرەیکی تازە لە چیرۆکی ژیانمان پڕ‌بکەینەوە بێ‌ئەوەی بە تەما بین بە سەریدا بچێنەوە، هەڵیسەنگێنین و مۆری باش و خراپی لێ‌بدەین. ئاوایە کە هەیە، تەواو!

دەبێ ڕۆژێک دانیشم باسی سەفەر بنووسمەوە. دەبێ ڕۆژێک دانیشم باسی ڕێگەکان بکەم، بێ مانا بوونی سنوورەکان و باسی بۆشاییەکانی ژیانی مرۆڤێک ڕێگە دوورەکانی نەبڕیوە. باسی بێدەنگییەکانی ڕێگە کە جار نا کەڕت دەکات، دەنگی هەنگاوەکانی خۆت لە بێدەنگییەکانی ڕێگەدا و باسی شەوەکانی و ...







www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------