گوڵه‌گه‌نم
a kurdish blog
۱۳۹۳/۰۷/۰۴
مێشک و ته‌مه‌ن
۱۳۹۳/۰۷/۰۳
دیسان
۱۳۹۲/۰۱/۰۹
بوێری
ژماره پێوی ئێره ده‌ڵێ، که‌س ئێره ناخوێنێته‌وه ئیلا که‌سێک له روسیا وه! جا ئه‌و که‌سه کوردی دەزانێ یا کورده یا ڕێگای لێ ون بۆت هاتۆته ئێره، ئه‌وه‌ی نازانم.... ئه‌و خوێنه‌ره‌ش وەکوو من خۆی سانسۆر دەکات چون بێجگه له شوێنی پێێ هیچی دی دیار نێ... ئه‌گه‌ر کوردی دەزانی: سڵاو خوێنه‌ری نیشته جێی روسیا!
.....
ڕۆژی هه‌وه‌ڵی ساڵی ٢٠١٣ رۆژمێرکم کڕی ئه‌وشتانه‌ی له بیرم دەچێ تێیدا بنووسم... هه‌ر هه‌فته‌یه‌ک له سه‌رم نووسی و دوایه چۆ به دۆڵێدا... دیتم دەستم ڕەقه بۆ نووسین و خەتم گه‌ڵێک ناخۆشتر بۆت... له‌گه‌ڵ پێنووسی خۆم بێگانه بووم، یه‌کێک له‌و شتانه‌یه وەکوو ئه‌جیندا دامنابوو، نووسینی ئه‌و شتانه‌ی پێم خۆشه لێره بوو. وابزانم ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڵ ڕۆژمێڕه‌که په‌ڕ په‌ڕ بوو.
ئه‌و مانگه‌ی فیلمم زۆر دیوه، نێتفلیکس سڵامه‌ت بێ! ئێستا وۆۆدی ئاڵێنم خۆشتر دەوێ، و دەزانم جیم جارمووش ده‌رهێنه‌ری ژماره یه‌که بۆ من.... نووسیم له بیرم نه‌چێ!
باسی بوێری بوو... ده‌ڵێم که‌سێک که له ژیانیدا سه‌رکه‌وتوو بوو بوێری زۆرترە له‌وه‌ی له هه‌موو حاله‌تێکدا خۆێ بێت.... ئه‌وانیتریش زۆڕتر مه‌ێدان دەدەن به که‌سێکی سه‌رکه‌وتوو خۆێ دەڕ ببڕێ تا ئه‌وه‌ی هه‌میشه له هه‌ر هه‌نگاوێک دا دۆڕاوە... باسی سه‌رکه‌وتوویی تاێبه‌ت نییه، ده‌توانێ زۆر شت سه‌رکه‌وتن بێ، به‌ڵام ئه‌نجامی له سه‌ر بوێری که‌سێک هه‌ر شتێکه.
وۆۆدی ئالێن بوێره، ماوەیه‌کی زۆر به خۆی و که‌م و کورتێکانی پێکه‌نی و خستییه به‌ر قه‌زاوه‌تی خه‌ڵک تا به‌م جۆره‌ی که هه‌یه سه‌رکه‌وتنێکی ده‌ست که‌وێ که هاسان به ده‌ست نایه... ئه‌وانیتر که‌سایه‌تی ئه‌ویان هه‌ر ئه‌و جوورەی که هه‌یه قه‌بووڵ کردوه... گه‌رچی ده‌گه‌لیشی هاودەنگ نه‌بن. به‌خیلیم پێ دێ!
۱۳۹۱/۱۱/۲۰
پیری
جاران بۆ ڕابردووم ئامانجێکی خه‌یاڵیم هه‌بوو، بۆ وێنه ده‌مکووت بریا ده ساڵ له‌وه پێش فڵان کارم کردبا به‌ڵکوو ئێستا فڵان شت قه‌ومابا! به‌ڵێ ڕاسته خه‌ڵکی ماقووڵ و تەواو ئامانجیان بۆ داهاتوو هه‌یه هی من هه‌میشه بۆ ڕابردوو بۆت! به‌ڵام ئێستا ده‌ڵێم فڵان کاره‌که‌شم کردبا ئێستا هیچ نه‌ده‌قه‌وما!
ئه‌وه نه‌قڵی دوو ڕۆژ پێشه و ئێستا ئه‌وه‌نده تووڕه نیم گه‌رچی بێ‌ئومێد هه‌ر هه‌م....ئێستا کاتی ڕاست دوای شان هه‌ڵته‌کاندنه و چش کووتنه و تێپه‌رکردنی باقی ڕۆژه‌کان هه‌ر وه‌ک پێشوو!
به هۆی فه‌رامۆشییه‌وه
(تۆ ناوی بنێ که‌مته‌رخه‌می) نه ڕۆژی له داییک بوونی که‌سم له بیره نه دڵی که‌س خۆش ده‌که‌م له ڕۆژه‌کانیاندا . به‌ڵام به عاده‌تی " جاست ئه‌ز ئیز" که ده‌بینم له سه‌ر فێسبووک یه‌کێک رۆژی له داییک بوونێتی پیرۆزبایی لێده‌که‌م، جا چ بۆم گرینگ بێت یا نا. تووڕه‌یی ته‌مه‌ن وای لێکردم رۆژه‌که‌م له سه‌ر ئه‌وێ پاک که‌مەوە بۆ ئه‌وه‌ی که‌س پیرۆزبایی نه‌کا و وەبیرم نه‌هێنێته‌وه... حه‌وسه‌ڵه‌ی لایک دانانیشم نه‌بوو! به‌ڵام خوشکه‌که‌م و کیسه بۆکسه‌که‌م نه‌یانهێشت تووڕه بمێنم ،بێ فێسبووک له بیریان نه‌چووبۆوە و حه‌ولییان دا شه‌وێکی خۆشم بۆ ساز که‌ن... هه‌رچه‌ند ئه‌و شه‌وه وه‌ک ماری سڕ وابووم به‌ڵام به‌یانی که بۆ په‌ریم باس ده‌کرد له دڵی خۆمدا گووتم ده‌ی چیدیت ده‌وێ؟ خوشکێک که به هه‌ر شێوه‌یه‌ک له ده‌ستی بێت یارمه‌تیته به‌رانبه‌ر به تۆ خۆی به‌رپرس ده‌زانێ، هاوژیانێک که بۆتە کێسه بۆکسی تۆ و هه‌ڵبه‌ت گه‌نمیله‌یه‌ک که تاو نا تاوێک دێت و له باوەشت ده‌کا و ماچت ده‌کا و ده‌ڵێ"دایه خۆشم ده‌وێی"
له گه‌نمیله فێر به، زۆری نه‌ماوە ئه‌م گه‌ڕه هه‌ڵپه‌رکێ.
گوڵاله، یار، دیلان،به‌یان، با زیبا، له‌ێلا، روونی،فه‌رناز، په‌ری خۆشم ده‌وێن.
۱۳۹۱/۱۱/۱۲
Should I?
سێناریوی دووهه‌م: دوکتوورێکه که زۆر شاره‌زایه له په‌ێوه‌ندی ئازای له‌شه‌وه و ٥ نەخۆشی هه‌یه هه‌موو چاوه‌رێی مردن به‌ڵام په‌ێوه‌ندی ئازای پێویستییان، دڵ و گورچیله و سیپه‌ڵاک و ... له مردن نه‌جاتیان ده‌دات... هه‌مان رۆژ کابرایه‌کی ساخ دێته لای ئه‌م دوکتۆره که ئازای گیانی بابه‌ته بۆ ئه‌م ٥ نه‌خۆشه، دوکتور ده‌توانی کابرا له‌ت و په‌ت کات و ٥ نه‌خۆشه‌که‌ی خۆی نه‌جات دا... ئه‌گه‌ر وا بکات کاره‌که‌ی له بار ئه‌خلاقییه‌وه دروسته یا نا؟
ده‌ی پێتان وایه کوشتنی که‌سێک له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌سێک به حاڵی خۆی دانێی بمرێ (کاتێک له ده‌ستت دێ کارێک بکه‌ی نه‌جاتی بێ) جیاوازی هه‌یه؟
له تێسته‌که‌ی دا وه‌ڵامم داوه نا به هه‌رتکیان.... مه‌به‌ستم زۆرتر ئه‌وه بوو، من بۆم نییه به کابرای شۆفیر یا دوکتور بڵێم چ بکه‌ن یا نه‌که‌ن! له روانگه‌ی منیشه‌وه کوشتن ده‌گه‌ڵ وێڵ کردن جیاوازی هه‌یه! ده‌ی تا ئێره هه‌موو وەڵامەکانم ده‌گه‌ڵ یه‌ک ده‌هاتنه‌وه.
پرسیاری دوایه ئه‌وه‌یه: شوفیری سناریوی هه‌وه‌ڵ پێش ئه‌وه‌ی بتوانێ هیچ بکات بێهۆش ده‌بێ، به‌ڵام من ده‌توانم به پاڵ پێوه‌نانی سویچێک رێگای بگۆڕم بۆ لای تاقه کارگه‌ری قوڕ به‌سه‌ر! ئایا ده‌ێگۆڕم؟؟؟ ده‌ی منیس کووتم ئا!!!! وه‌ڵام هاته‌وه لێره‌دا ده‌گه‌ڵ برواکانی پێشووت نایه‌ته‌وه!!!! به‌ڵام ئێستاش حازر نیم له جێی دوکتورەکە بام یه‌کی ساخ بکه‌م به قوربانی ٥ی دی! نا له ده‌ستم نایه.... زۆر تێکه‌ڵم نا؟
Should You Kill The Backpacker?
۱۳۹۱/۱۱/۱۱
بێقه‌رار
۱۳۹۱/۱۱/۰۴
The Dignity of the Nobodies
ئه‌وکاتی ئه‌و فیلمه‌م هه‌لبژارد که بیبینم تاقه شتێکی سه‌رنجی راکێشام ناوه‌که‌ی بوو، نه ده‌مزانی هی کێیه و نه ده‌مزانی باسی چییه یا چ جۆره فیلمێکه. بۆ من که هیچ سه‌باره‌ت به ئارژانتین نازانم و تاقه زانیاری من له باره‌ی ئه‌م وڵاته هی ساڵیانی پێش بوو که "ماڕادۆنا" قاره‌مانی فوتباڵێ بوو و هه‌ر ده‌مزانی که یه‌کێک له‌م وڵاته هه‌ژارانه‌یه که تاقه دڵخۆشی و گه‌وره‌ییان له فوتباڵ دایه! له ڕاستیدا ئه‌و زانیاریه خۆی نه‌زانی من بوو.
فیلمه‌که باسی ئارژانتینی مابه‌ێنی ساڵه‌کانی 1997 تا 2005 ده‌کا، باسی ئاڵ و گۆڕه‌کانی ده‌وڵه‌ت و مافیاکانی پۆلیس و سیاسه‌تبازان و باسی خه‌ڵکێکی که به ده‌ست شه‌ریکه گه‌وره‌کان ڕوتاونه‌وه و "هیچیان" بۆ نه‌ماوه ، خه‌ڵکێک که هه‌تا خاوه‌ن ناویش نین ئه‌وه‌ی بۆیان ماوه گیانێکی بێقه‌ێمه‌ته که له رێپێوانه‌کان و خۆپێشاندانه‌کان دێن و ده‌رۆن و ده‌کوژرێن و ده‌گیرێن و ده‌وڵه‌ته‌کان ده‌گۆڕن و دیسان هه‌مان هه‌مان، فه‌قیرتر و هه‌ژارتر ده‌بن ئه‌گه‌ر گیانه‌که‌یان بۆ مابێ! فیلمه‌که نزیک ده‌بێته‌وه له‌م خه‌ڵکه‌ی به کۆ داوای ژیانی باشتر ده‌که‌ن، نزیک ده‌بێته‌وه له‌م" هیچ که‌سانه" و تازه ده‌زانی چه‌نده ئه‌م هیچ که‌سانه، گه‌وره و به‌رێزن. ده‌بێنی ئه‌وانه له‌م ئاستی ته‌نگانه و نه‌داری خۆیاندا چۆن هیوایان هه‌یه به داهاتووی باشتر و له جێی ئه‌وه‌ی چاوه‌رێ ده‌وڵه‌ت یان که‌سێک بن خۆیان قۆڵ هه‌ڵده‌ماڵن و حه‌وڵێ ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بمێنن. له تۆبای گه‌وره را بگره که دامه‌زرێنه‌ری مه‌تبه‌خی سوپ بۆ مناڵانی برسییه تا ئه‌و کرێکارانه‌ی ئه‌م کارخانه‌ی که خاوه‌نه‌کانیان جێیان هێشتوون به کار و سه‌رپه‌ره‌ستی خۆیان به‌رێوەه ده‌بن( نه بۆ ڕاگرتنی کارخانه، به‌س بۆ پاره‌ی مانگانه‌ی کاری خۆیان!)
----------------------
ئێستا دوای ماوەیەکی زۆر دیتم باسی ئەو فیلمەم نووسیوە و بە تەما بووم چەند کەسێک بە نووسینی ئەوە هان بدەم فیلمەکە ببینن بەڵام تەواوم نەکردوە و بە ناتەواوی هەڵمگرتوە... تەواوی ناکەم بۆخۆتان بیبینن!
The Dignity of the Nobodies
فەرامۆشی
خۆ خۆشەویستی بێ یا شتێکی‌تر ، منێکی ٣٠ ساڵان داییکم هەبوو بە مردنی دونیا‌م لێ رووخا دەی ئەو بەستە زمانە خۆ ئێستا ٣ ساڵ نییە داییکی هەیە. جارێ زوویە.... هەرچەند بیمەکەی هەر دەکڕم!
دەی بۆ هاتووم ئەوانە لێرە دەنووسم؟ دیسان بیرم دوای مردن لە فەرامۆشێ کردەوە کە ماوەیەکە زۆر پیس تووشی هاتووم... دیتم لە هەموو ئەو ١٠ ساڵەی پێشوو هەر ئەوەم لە بیر ماوە لێرە نووسیومە... هەوەڵێ کووتم دوایە دەێنووسم زوو وەبیرم هاتەوە کام دوایە؟ بەو بیر و هۆشەی ئێستام چاکە وەبیرم بێتەوە نووسینیش چییە! "زیبا خاتوون"ی دەروونم دەستەکانی ڕێک کووشی(وەک ئەوەی بە بێ ئاو دەستت بشۆی... دەبێتە چی؟) و کووتی دەی هەستن کچینە با دەست پێ بکەێن و هانی دام بێمە زگ ئەو لاپەڕە مردوویە.
ئێستاش بیری کۆنم لە هی تازە تیژترە و بۆیە "زیبا خاتوون"م چاک لە بیرە... سەردەمی زۆرکۆن کۆن کۆن هی زەمانی تەقە و ژێرزەمین(ئەو دەم وامان پێ دەکووت) هەموو دراوسێکان لە یەک کۆ دەبوونەوە و لە ماڵی ئەوانی ژێرزەمینیان هەبوو.... زیبا خاتوون هەموو بەیانان هەمووانی بەم شێوەی سەرەوه هان دەدا هەستن کارێک بکەن و هەرچەند خۆی دادەنیشتەوە سەر جێی خۆی بەڵام بێ هاندانی ئەو کەس هیچی نەدەکرد!
دەێ ئەوەش حەوڵی تازە بۆ شەڕ لەگەڵ فەرامۆشێ، با وەبیرم بێتەوە لە بێخەوی ئەمشەودا چیم بە سەر هات!
۱۳۹۰/۰۹/۲۹
ناسازی گەنمیلە
۱۳۹۰/۰۹/۲۵
۱۳۹۰/۰۶/۲۶
تەمەڵخانە
هەرچەند لەوەتی گەنمیلە هەیە بە ئاواتم تاوێک دانیشم، چاو لە دیواری بەرانبەرم ببرم و هیچ نەکەم بەڵام ناکرێ! لەو کاتەوە دێمەوە ماڵێ دوو چاوی گەشی بە دوای منەوە وێلە و ناکرێ خۆمی لێ بشارمەوە و ئەوەندەم هەڵدەسورێنێ تا ئەو کاتەی هەرتکمان لار دەبینەوە بۆ نوستن، کە نواندمی ئەو جار خۆی خەوی لێدەکەوێ! زۆر شت لە ژیانم دا گۆڕاوە، ئەوەی لو هەموان زۆرتر پەکی کەوتوە ژیانی ساێبێری گوڵەگەنمە...لە ڕاستیدا باشترە بڵێم گوڵەگەنم دەمێکە مردۆ... ئەوەی ماوە راستییەکانی ژیانە کە لە خەونی خۆشی ساێبێر گەلێک دوورە.
دەمێکە لێرەم نەنووسیوە، لە بەر نەبوونی کات.... کاتم هەبێ هەوەڵ چاو لە دیواری بەرانبەرم دەبڕم بۆ ماوەیەک، دوایە لێرە دەنووسم!
۱۳۹۰/۰۱/۰۶
to be or not to be
دوو مانگم ماوه له پشووی داێکانه و دوایی ده‌بێ ده‌ست بکه‌مه‌وه به کار کردن و گه‌نمیله بسپێرم به باخچه‌ی مناڵان. حه‌ز ده‌که‌م ئه‌و دوو مانگه تا ده‌کرێ دوور و درێژ بێته‌وه و ته‌واو نه‌بێ. پێم خۆش نییه گه‌نمیله به ده‌ست که‌س بسپێرم هه‌رچه‌ند له من باشتریشیان ئاگا لێبێت . ئه‌وه حه‌قی گه‌نمیله‌یه له لای داێکی بیت.
ده‌ڵێت مناڵ بوون ته‌له‌یه‌کی گه‌وره‌یه ژنان ئه‌سیری خۆی ئه‌کات... ره‌نگه مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه له پێشکه‌وتن و گه‌ێشتن به ئاواته‌کانیان ده‌مێننه‌وه، له زۆر بارانه‌وه وایه، به‌ڵام ئاوات ئه‌گه‌ر خۆی مناڵه‌که بێت چی؟ ئه‌وکات دوو پارچه ده‌بی کاتێک بیر له کار و ژیانی ئابووری و گه‌ڕانه‌وه ناو خه‌ڵک ده‌که‌یه‌وه یان له لای مناڵه‌که‌ت مانه‌وه
ده‌ی من ئیتر کاتی ژیانی ساێبرم ته‌واو بوو تا ماوه‌یه‌کی تر....
۱۳۸۹/۰۹/۲۲
سانتا
۱۳۸۹/۰۷/۳۰
۱۳۸۹/۰۳/۲۲
گه‌نمیله
تا قاڕ و قووڕی زگی ئه‌و و قورسایی په‌رۆ و ده‌رپێی ئیزن نه‌دا کوا کات بۆ من؟
چ نییه زۆر زۆره‌که‌ی به قه‌ولی دوکتوره‌که کێشه‌کانی هه‌ر بیست ساڵی ناقابیلی ماوه...
۱۳۸۹/۰۳/۰۵
هه‌شت ساڵ
ئێستاش چاوه‌رێی گه‌نمیله‌م... ڕه‌نگه له لای خۆی ده‌ڵێت: دایه من ٤٠ ساڵ راوه‌ستام تۆ بڕیار بده‌ێ من دروست كه‌ی, تۆش كه‌مێك سه‌برت هه‌بێ! تۆڵه به كایه! خۆ ڕاستیش ده‌كات, ٨ ساڵ پێش له جێی ئه‌م وێبڵاگه گه‌نمیله‌م ساز كردبا ئێستا بۆخۆی هاوده‌نگم بوو!
ماندووم له چاوه‌رێ بوون....
۱۳۸۹/۰۲/۳۰
ژان و ژیان
پێی ده‌ڵێم خۆی حازر کات بۆ به‌شی ژانی خۆی. مرۆڤ به‌خته‌وه‌ره هه‌وه‌ڵ ژانی ژیانی له بیر نامێنێت ، بڵێی ئه‌گه‌ر له بیری مابا شێوه‌ی ئێستای ژیان چۆن ده‌بوو؟
جارێ چاوه‌رێی ژانم و هیچیتر.....
۱۳۸۹/۰۲/۲۶
لێره و له‌وێ
ده‌زانم تاوانبارم به‌رانبه‌ر به گوناحێکی خۆش... به‌ڵکو تامی بوونی گه‌نمیله له بیرم به‌رێته‌وه ئه‌م دونیایه چه‌نده بێروحمه!
ئه‌گه‌ر ئه‌م خۆ خۆشه‌ویستییه نه‌با چمان کردبا؟
ئێستا گه‌نمیله ئاگای لێ نییه چه‌نده‌م خه‌ون و خه‌یاڵ هه‌یه بۆی... پێویست نییه که‌س پێم بڵێت، خۆم ده‌زانم چه‌نده نه‌دی و بدیم! داوام کردووه که خوێنی ناو‌کی راگڕن بۆ داهاتوو، له‌م خوێنه دا سیلولی پایه‌ی مناڵ هه‌یه که نزیکترین سیلوله به مناڵ بێ ئاڵ و گۆڕ... ئه‌وه‌ش هیوایه‌که به داهاتوو تا ئه‌گه‌ر زانست ئه‌وه‌نده په‌ره‌ی پێیدا کرد که بتوانن چاری نه‌خۆشییان به‌م سیلولانه بکه‌ن، گه‌نمیله‌ی من په‌کی نه‌که‌وی... شتێک وه‌کوو کرینی لاتاری به هیوای ده‌وڵه‌مه‌ند بوون!
......................................................................
په‌ریله چه‌ند مانگ له‌وه پێش کراسێکی بۆ ناردبووم که ئه‌وکات پڕ به به‌رم بوو... له‌و کاته‌وه ئه‌م کراسه هه‌ر له به‌ر ده‌کرێته‌وه و ده‌شوردرێته‌وه و هه‌ر چی من زگم دێته پێشتر و زلتر ده‌بم دیسان به به‌رم ده‌بێته‌وه... شتێکه وه‌ک چیرۆکێک که به مناڵی خوێند بوومه‌وه، باسی کارگێکه که کاتی باران حه‌یوانه‌کانی چیرۆکه‌که له بچووک بۆ گه‌وره له ژێری په‌نا ده‌گرن و دیسانیش جێگه‌ی هه‌یه بۆ په‌نادان به ئه‌وانیتر... کراسی په‌ریله له‌گه‌ڵ من گه‌وره ده‌بێ.
.......................................................................
پێنج رۆژ ماوه بۆ بێنه‌هایه‌تێک که کۆتایی نایه....
۱۳۸۹/۰۲/۱۸
کات
که‌متر له دوو هه‌فته ماوه، وازم له کار هێناوه و له ماڵێ دانیشتووم. تا ساڵێکی‌تر کار بێ کار! ریزی ئه‌م کارانه‌ی ده‌بێ بیکه‌م له پێشمه، به‌ڵام وزه‌ی هیچ کارێکم نییه. ڕۆژی ئاخری کارێ هه‌موو نه‌سیحه‌تیان کردم که تا ده‌توانم بخه‌وم، به‌ڵام کوا خه‌و؟ له جێی هه‌موو کارێک داده‌نیشمه سه‌ر سۆفاکه و ئه‌م 6-7 کاناڵی تی‌وی که هه‌مانه به سه‌ر ده‌که‌مه‌وه... لای نیوه‌رویان خۆشه و دوو سێ بابه‌تی چێشت لێنان نیشان ده‌دا، بۆ کابانی وه‌ک من باشن...! یه‌کیان چێشت لێنانی پاسکواڵه‌یه، که زۆرتر له چێشته‌کانی، قسه‌کانی خۆشن! یه‌کیان چێشت لێنان بۆ بنه‌ماڵه‌ی سه‌ر قاڵه، چوون زۆر گرفتارن کاتی چێشت لێنانیان نییه و خاتوونێک دێت فێریان ده‌کا چۆن له کورترین کاتدا چێشتی خۆش ساز که‌ن. له‌وانه‌یه بۆ داهاتوو به که‌ڵکم بێت! ئاخرینیان ناوی خۆشترین ده‌ستاوه و خاتوونێکی گه‌نج هه‌ر جاره‌ی شتێک( تۆ بلێ په‌ستا) ده‌کاته ده‌ستکردی چه‌ند چێشتان... نێوانم ده‌گه‌ڵ ده‌ستاوی ئه‌وه‌یان نییه، بێ سیر نازانی هێچ چێشتێک ساز کات! به‌ڵام چاوی لێده‌که‌م به‌ڵکوو بتوانم شتێکی لێ فێر بم. له‌وه‌تی ئه‌وانه چاو لێده‌که‌م چێشتم بۆ لێناندرێ، جاران چه‌ند چێشتێکم ده‌زانی و به سه‌ره لێم ده‌نان... دیتنی ئه‌م پرۆگرامانه ئه‌م چه‌ند چێشته‌شی له به‌ر چاو خستووم! دوای بابه‌ته‌کانی چێشت لێنان، بابه‌تی سڵامه‌تی و پرۆگرامی دوکتوران سه‌ره‌یه‌تی.... که گوێیان بۆ هه‌ڵده‌خه‌م هه‌رچی نه‌خۆشیه له خۆمیدا وه شک ده‌به‌م! ئه‌ی بۆ پێم وا بوو من مرۆڤێکی ساغم؟ ئه‌م بابه‌تانه‌ی سڵامه‌تی تووشی فۆبیام ده‌که‌ن!
ئاوا به دیتنی تی وی به‌شێکی زۆر له رۆژه‌که‌م پڕ ده‌که‌مه‌وه بێ ئه‌وه‌ی چاو له ریزی کاره‌کانی ناته‌واو بکه‌م... کات هه‌ر دێت و خێرا تێپه‌ر ده‌بێ.
ئێستا گه‌نمیله‌م نه‌دیتوه، به‌لام هه‌موو شه‌وێ خه‌ونی پێوه ده‌بینم... هه‌موو خه‌ونه‌کانم په‌رۆشن، له هه‌مووان دا به‌ڵایه‌ک به سه‌ر گه‌نمیله دێت... ئه‌م هه‌موو نیگه‌رانیه له کوێ‌را دێت؟ بابه‌تی سڵامه‌تی و دوکتوران بۆ باسی ئه‌وه ناکات بزانم خه‌ونه‌کانم سروشتین یان مۆشکیله له منه؟ کات که‌مه و به‌م هه‌موو دڵه ڕاوکه‌یه به سه‌د ساڵ تێپه‌ر ده‌بێ و ئه‌وه منم و کات و دوو پێوانه‌ی تێپه‌ر بوون.
۱۳۸۹/۰۲/۱۲
چاوه‌رێ
پێم وا بوو هاتنی مناڵی خۆم ئه‌وه‌نده تاێبه‌ت نابێ، چوون هه‌میشه له ماڵێکی قه‌ره‌باڵخ دا ژیاوم که مناڵ به دوای مناڵ دا هاتوون و گه‌وره بوون و مناڵی نوێ جییان گرتوونه‌وه. به‌ڵام دوێنێ شه‌و که بۆ هه‌وه‌ڵ جار له لای ته‌خت و جێ و بانی گه‌نمیله خه‌وتم، هه‌ستێکی سه‌ێرم هه‌بوو، هه‌ستێکی تاێبه‌ت که من ئه‌وه ده‌بمه دوو! که‌سێک دێت که بۆ هه‌میشه به‌شێکه له من! هه‌ستێک پڕ له ترس و خۆشی.... بڵێی من داێکێکی باش بم؟
هاوکاره‌که‌م مه‌دوو ده‌ڵێ تۆ پاشه به‌ره‌ی، ده‌بێ خووشک و براکانت چه‌نده زه‌وقیان هه‌بێ بۆ منالی تۆ! ده‌ڵێم به پێچه‌وانه ، هه‌موو من به شێت ده‌زانن که ئه‌وه خۆم تووشی ده‌رده‌سه‌ر کردووه... مناڵه‌کانی ئه‌وان هه‌موو گه‌وره بوون و به‌شێکیان بوونه نه‌نک و باپیر... پێیان وایه ژیانی بێده‌رده‌سه‌ری خۆم له خۆم تێکداوه.... به‌ڵام تا بڵێی خوشکه‌زا و برازاکانم زه‌وقیان هه‌یه بۆ دیتنی گه‌نمیله! ئه‌وه‌ش ده‌وری زه‌مانه‌یه، خۆشێک که من بۆ هاتنی ئه‌وانم ده‌کرد، ئێستا ئه‌وان بۆ گه‌نمیله ده‌ێکه‌ن ! گله‌یه‌ک ئاوا نامێنێ!
کاتی چاوه‌رێ بوون هه‌ر دێت و که‌متر ده‌بێته‌وه، به‌ڵام خاوتر تێپه‌ر ده‌بێ...
۱۳۸۹/۰۱/۰۸
Doctor X
خانیمی دوكتور كه زانی دووگیانم و گه‌نمیڵه‌م هه‌یه زوو ده‌ستی كرد به پرسیار سه‌باره‌ت به حاڵ و ئه‌حواڵم. كه‌مێك رێنوینی كردم كه له‌م ماوه‌یه‌دا چ بكه‌م و چ نه‌كه‌م و به‌ڵێنی دامێ كه ده‌بێ جارێكی‌تریش ده‌بێ پێش هاتنی گه‌نمیله بچمه‌وه بۆ ئه‌م ئیشه خۆشه!
له كاتی ددان خاوێن كردنه‌وه‌دا زۆرتر خه‌ریكی پرسیار سه‌باره‌ت به گه‌نمیله بوو تا ددانم! منی زار داپچراویش ئه‌وه‌نده‌ی ده‌متوانی به ئیشاره وه‌ڵامیم ده‌داوه!
جاری دووهه‌م كه چوومه‌وه لای ئیدی ده‌مزانی خانیمی دوكتۆر, دوكتۆری ژنان و زا و زی بۆت! ئه‌م جاره‌یان بێ ئه‌وه‌ی پێم سه‌یر بێت وه‌ڵامی پرسیاره‌كانم ده‌داوه‌ه و ریپۆرتی حاڵ و ئه‌حواڵی خۆم دایه! هه‌ر وه‌ها پێم گووت كه به‌یانی كه لای دوكتۆری خۆم بووم به پێنج چركه فشاری خوێنی گرتووم و دڵی گه‌نمیله‌ی گوێداوه‌تی و ئه‌ندازه‌ی گه‌وره‌بوونی گرتووه و گووتویه‌تی پێرفێكت!
گووتی دیاره گرفتێك له كارت دا نییه كه وا زوو بریاری داوه حاڵت پێرفێكته!
كاره‌كه‌ی كه ته‌واو بوو, گووتی تاوێك راوه‌سته شتێكی‌تر تاقی كه‌مه‌وه! ده‌ستی برد بۆ گوێزینگی لاقم و گووتی نا زۆر باشه, تووشی هه‌ڵمسان نه‌بووی! ترسام دوكتۆری خۆت له ئه‌وه‌ی خافیڵ بوبێت.
هه‌ستم كرد ئێستا ده‌بێ ئه‌م دوكتۆره چه‌نده بیری ئیشی پێشووی بكات, ئه‌م دوو جاره زۆرتر له ددانی من په‌رۆشی دووگیانیم بوو! خۆش بوو ئه‌م هه‌ڵه‌ی بۆ هه‌ڵكه‌وت كه دیسان ئیشی پێشووی تاقی كاته‌وه....
۱۳۸۸/۱۲/۲۸
نه‌ورۆزتان پیرۆز
به ته‌مام بچم كه‌مێك گوڵ بكرم و ماڵێ پڕ بكه‌م له بۆنی به‌هار, هه‌وای به‌هاریش دوو سێ ڕۆژه لێره گه‌ڵێك خه‌ڵكی شاد كردووه, ڕه‌نگه هه‌وه‌ڵ جاره لێره هه‌واش به ڕاستی به‌ره‌و پیلی به‌هار دێت. هه‌وا وا خۆش نه‌با كوا تاقه‌تی ئه‌و هه‌مۆ بێخه‌ویه‌م دێنا... ئێستاش وزه‌م ماوه!
ئه‌وه سه‌رۆكی فزووڵ نه‌هاتۆته‌وه و من ده‌رفه‌تێكم هه‌بوو ده‌ست به سه‌ر و گوێڵاكی ماڵی بلاگێرم دابێنم... ئێستا كه‌مێك باشتر بۆت, ماوه به‌شی لینكی وێبڵاگه‌كانیتری بۆ دانێم و وێنه‌كانی ون بوون بیاندۆزمه‌وه... ئه‌وه‌ش ده‌مێنێ بۆ كاتێكیتری فراوانی!
له تاریفی سه‌رۆكی نوێ‌دا هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌سه بڵێم كه ئه مرۆ كه هاتمه‌وه, هاوكاره‌كه‌م كه قه‌ت بۆڵه و شكایه‌تێ نه‌كا و هه‌میشه رازیه به ره‌زای خوای خۆی, به پێكه‌نینه‌وه گووتی, ده‌بینی چ رۆژێكی خۆشه؟ وامزانی باسی هه‌وا ده‌كا گووتم; ئه‌رێ زۆر خۆشه! ئێشاره‌ی ژوری سه‌رۆكی كرد و گووتی نا مه‌به‌ستمه كابرا نایه‌ته‌وه, رۆژێكی زۆر خۆشه!.... ئه‌وه‌ش جێژنانه‌ی ئه‌وساڵ, به زیاد بێ....
۱۳۸۸/۱۲/۱۵
کۆدی داێکایه‌تی
جاران که ده‌گه‌ێشتمه‌وه سه‌ر کارێ، هاوکاره‌کان زۆر زۆره‌که‌ی به چاک و خۆشێیه‌ک یا بۆڵه‌یه‌کی تێکنیکی به‌ره‌و پیلم ده‌هاتن. ئێستا به نیگایه‌کی دڵوڤانه‌وه به‌ره‌و پیلم دێن و به تاێبه‌ت داێکه‌کان ڕامده‌گرن، ده‌ستێک به زگم دا‌دێنن، حاڵ و ئه‌حواڵی به‌به و خۆم ده‌پرسن و باسی بیره‌وه‌ریه‌کانی خۆیان ده‌که‌ن کاتێک وه‌کوو من بوون. له‌م وت و وێژانه‌دا که قه‌ت پێشتر بۆ من هه‌ڵنه‌که‌وتبوو، زۆر شت بۆ من ده‌رکه‌وت. بۆ وێنه تازه زانیم مۆن و مرچترین هاوکارم چه‌نده مێهره‌بانه و داێیکی سێ مناڵانه و کاتێک مناڵی گه‌وره‌ی له زگدا بۆت، بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر بێخانمان و ئاواره‌ی شه‌قامان بۆت.
هاوکاره به ره‌گه‌ز چینیه‌که‌م، هه‌رکاته‌ی خوارده‌مه‌نییه‌کی خۆش و تاێبه‌تی پێیه ، به‌شێکی دێنێت بۆ من ، ده‌ڵێ ها ئه‌وه بخۆ بۆ مناڵه‌که‌ت باشه! هه‌ر ئه‌و بۆی باس کردم که چه‌نده به ئاواتی مناڵی دووهه‌م بوو به‌ڵام له به‌ر یاسای تاقه مناڵی چین نه‌ێتوانیوه مناڵیتری هه‌بێ.
هاوکاره به ره‌گه‌ز فه‌رانسه‌ویه‌که، باسی مناڵێک ده‌کا که دوای جیا بوونه‌وه‌ی له به‌ر خۆی برد و ئێستاش که ئێستایه په‌شیمانه که نه‌یوێراوه به ته‌نیا مناڵه‌که گه‌وره کات.
ئه‌م نه‌هێنیانه قه‌ت نه‌ده‌گووترا ئه‌گه‌ر ئه‌م به‌به‌یه له گۆڕێ‌دا نه‌با! وابزانم داێکه‌کان کۆدێکی نه‌هێنیان هه‌یه و کاتێک ده‌توانی ئه‌م کۆده بشکێنی که خۆت پێ بنێیه‌ی مه‌یدانی ئه‌وان. کاتێک که کۆده‌که‌ت شکاند تازه نیگای دڵۆڤانیان ئه‌سیرت ده‌کات و خۆت ده‌بی یه‌کێک له ئه‌وان.
۱۳۸۸/۱۲/۰۸
من و دڵی بچووکی تۆ
وێبڵاک شوێنێکه بۆ نووسینی ڕۆژانه‌ت وه‌کوو ده‌فته‌ری بیره‌وه‌ری، جار و بار که به سه‌ر نووسراوه‌کانی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌م دا دێمه‌وه، خۆمی ئه‌و سه‌رده‌میم دێته‌وه بیر به هه‌موو خۆشی و ناخۆشێکانییه‌وه، ئه‌وه‌ش بۆ بیرێکی که‌م که‌م تووشی فه‌رامۆشی ده‌بێ شتێکی خڕاپ نییه.
له‌ێلا گووتی چ حه‌یف که له ئیستات نانووسی. ئه‌م ئێستایه‌ی بۆ من پڕه له خۆشی، ڕه‌نگه بۆ ته‌واوی دونیا بێ‌مانا بێت، ڕه‌نگه بۆیه نه‌منووسیوه. به‌ڵام خۆ ده‌توانم دونیا له بیر که‌م و بۆ چه‌ند ساڵ داهاتووی خۆم بنووسم، بۆ کاتێک بیره‌وه‌رێکان کاڵ ده‌بنه‌وه و ئیشاره‌تێک به‌سه بۆ وه‌بیر هاتنه‌وه‌ی هه‌موو ورکه‌واڵه‌کان.
من ئێستا هه‌ست به به‌خته‌وه‌رێکی بێ بڕانه‌وه ده‌که‌م، به‌خته‌وه‌رییه‌ک که به‌س هۆیه‌کی هه‌یه به‌ڵام ئه‌م تاقه هۆیه ئه‌وه‌نده به قه‌وه‌ته که ته‌واوی خه‌فه‌ت و په‌ژاره‌ی دونیا له ژێر پێی ده‌نێ.... جار جاره باس کردن له به‌خته‌وه‌ری خۆم بۆ ئه‌وانیتر وه‌کوو دمه لاسکه‌یه‌ک دێته به‌رچاوم. بڵێێ هه‌ست به گوناه بکه‌م؟ پێم وا نییه! ئه‌و هێزه‌ی به‌خته‌وه‌ری کردووم له‌وه به قه‌وه‌تتره که بهێڵێ من بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ خایه‌ن خه‌فه‌ت بخۆم.
به هاوڕێیه‌کم ده‌ڵێم ئێستا باشترین کاته بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رده دڵم بۆ بکه‌ی، من وه‌کوو کابرایه‌کی سه‌رخۆش وام که ئه‌وه‌ی تۆ ده‌ێڵێی ناێبیستم و کارم لێ ناکا، به‌ڵام بۆ تۆ باشه، خۆت به‌تاڵ ده‌که‌ی!
لێم به هه‌ڵه تێمه‌گه‌ن، نه‌بوومه دار و به‌رد ! قه‌ت ئه‌وه‌نده‌ی ئێستاش فرمێسک هه‌ڵده‌وه‌رێنم ، پێشتر نه‌گریاوم. به‌ڵام ژانی ئه‌و خه‌فه‌ته‌ی ئێستا له گریانم ده‌کا زۆر زووتر هێدی ده‌بێ تا جاران. وه‌کوو خه‌ڵکی ئێره گووته‌نی هه‌موو هه‌سته‌کانم هاتوونه به‌رده‌ست، جێی شاردنه‌وه نییه!
هه‌موو ئه‌م شێر و ڕێوییانه‌ی هێنامه‌وه له به‌ر ئه‌وه‌یه بڵێم ناتوانم لێره بنووسم و باسه‌که شتێک بێ بێجگه له باسی گیانێک که له مندا ساز ده‌بێ. من خه‌ریکی خوڵقاندنم و هیچ شتێکی‌تر به‌ڵامه‌وه ئه‌وه‌نده گرینگ نییه که باسی بکه‌م ئیڵا دڵێک که هه‌ست به تڕپه‌کانی ده‌که‌م.... من دووگیانم، هه‌ر بۆیه‌ش به‌خته‌وه‌رم!
۱۳۸۸/۰۹/۲۶
تڕپه‌ی دڵ
هه‌ر دوێنی دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه بێ تۆیی، بۆ هه‌وه‌ڵ جار ترپه‌ی دڵێکی نوێم بیست.... بیرت ده‌که‌م له هه‌موو کاتێک زۆرتر...
۱۳۸۸/۰۸/۰۱
Diversity
۱۳۸۸/۰۵/۱۸
LOTR
from "Lords of the rings"
۱۳۸۸/۰۲/۱۳
۱۳۸۷/۰۶/۲۷
لێواری به‌هه‌شت
ماوه‌یه‌ک پێش فیلمی "لێواری به‌هه‌شت" یان The Edge of Heaven (Auf der anderen Seite), فیلمی نوێ "فاتیح ئاکین"م له سینمایه بینی. کاتێک ده‌گه‌ڵ هاورێیه‌که‌م گه‌ێشتینه ژوری نه‌مایش، خه‌ریک بوو بگه‌رێنه‌وه و بلیته‌کانمان بگۆڕینه‌وه به فیلمێکیتر! له ژورێکی بچووک که به زه‌حمه‌ت جێێ 30 که‌س ده‌بوو 5-6 پیرێژن و پیره پیاو دانیشتبوون و سێنی نه‌مایش خه‌ریک بوو بێته ناو چاوی بینه‌ره‌کان. به‌ڵام له به‌ر ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی فیلمه به نه‌رخه‌کانی له ده‌ره‌وه‌ی هالیوود ساز ده‌کرێ له‌م وڵاته هه‌ر بینه‌ریان پیرێژن و پیره‌پیاوانه‌یه که ئێستا له‌م ته‌مه‌نه چی‌تریان پێ ناکرێ، تاقه دڵخۆشییان شه‌ممانه سینه‌ما چوونه، له بلیت گۆرینه‌وه په‌شیمان بوێنه‌وه و دانیشتین به ئیعتباری سینه‌ماکه!
فیلمه‌که باسی 6 که‌سه که به‌سه‌رهاتی ژیانیان له کاتێکدا لێک گرێده‌درێ. باب و کورێکی نیشته جێی ئالمان(عه‌ڵی و نه‌جات) و داییک و کچێکی ئاڵمانی(سوزان ولۆتۆ) و داییک و کچێکی لێک هه‌ڵبراوی نیشته جێێ ئاڵمان و تورکیا(یه‌ته‌ر و ئاێتن). یه‌ته‌ر پێی وایه کچه‌که‌ی به خوێندن له زانکۆ ژیانێکی باشتر له داییکی ده‌بێ و بۆ به‌خته‌وه‌ر بوونی کچه‌که‌ی و ژیانێکی ئاسایی ئه‌و، له‌شفرۆشێ ده‌کات. له‌م ناوه‌دا تووشی عه‌ڵی ده‌بێ که پێشنیاری پێده‌دا که له‌گه‌ڵ ئه‌و بژی. مردنی یه‌ته‌ر نێوان باب و کوڕ تێکده‌دا و نه‌جات ده‌گه‌رێته‌وه وڵاتێک که قه‌ت لێی نه‌ژیاوه. له‌م لاوه ئاێتن که شۆرشگه‌رێکه که له چه‌نگ پۆلیس و میت هه‌ڵاتۆته ئاڵمان به دوای داییکیدا ده‌گه‌رێ تووشی "لۆتۆ"ده‌بێ...
ژیانه‌کان و ئاواته‌کانی ئه‌م شه‌ش که‌سه جیاوازن، ئه‌وه‌ی داییکه‌کان و باوکه‌که پێیان ئه‌و په‌ری به‌خته‌وه‌ریه مناڵه‌کان به چرکه‌یه‌ک وه‌ڵای ده‌نێن و رێگه‌یه‌کیتر بۆ مانادان به ژیانیان هه‌ڵده‌بژێرن. سنوور چ له نێوان مرۆڤه‌کان چ له نێوان وڵاته‌کان ده‌بێته هۆی لێک هه‌ڵبران، مه‌گه‌ر خۆشه‌ویستی سنوور ببرێ، ده‌نا سنوور هه‌ر ده‌مێنێ.
ئه‌م شتانه‌ی له‌م فیلمه به دڵم بوو: چیرۆکێکی پاراو بێ هێچ شتێکی زیاده، هه‌موو شتێک له سه‌ر جێی خۆی ده‌قه‌ومێ بێ ئه‌وه‌ی قه‌ستی دیار بێ. کارێکتێره‌کانی نه‌جات و عه‌لی و یه‌ته‌ر. به‌شی تۆبه کردنی به زۆری یه‌ته‌ر به زۆری براده‌رانی دینی تورکی نیشته‌جیی ئاڵمان، دوای ئه‌وه‌ی ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بی له ئیشه‌که‌ت زیندوو نامێنی به یه‌ته‌ر ده‌ڵێن تۆبه‌ی بکه، ئه‌ویش ده‌ڵێ تۆبه، ئه‌وانیش تازه ده‌ڵێن "سلام ون عه‌له‌یکم" .
ئه‌م شتانه‌ی به دڵم نه‌بوو: کارێکتێره‌کانی ئاێتن و لۆتۆ، که‌مێک دوور له ڕاستی بوون، نه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌ر ڕاست نه‌بن به‌س ئه‌وه‌نده که‌من که هاتو هه‌بن ، کوا تووشی یه‌ک ده‌بن؟ گه‌نجێکی ئاڵمانی که بۆی گرینگ بێ گه‌نجێکی تورک بۆ ئاواره‌یه و له‌م په‌ڕی بوێریدا رێی بداته ماڵی خۆی و گیانی خۆشی بۆی بخاته مه‌ترسی؟ گه‌نجێیکی تورک یا کورد(له فیلمه‌که‌دا باسی ئه‌وه ناکا ئه‌م کچه که ئه‌زقه‌زا له تورکیه شۆرشگێره کورده یا تورک؟) که ئه‌گه‌رچی به شێوه‌یه‌کی سیستێماتیکی کوێر شوڕشگێره بۆ وه‌ک شۆرشگێره‌کانیتر په‌سیڤ نییه و سه‌رداناخا بۆ ئه‌مره‌کانی هه‌واڵه شۆرشگێره‌کانیتر؟
من قه‌ت له تورکیا نه‌بووم و نه‌ژیاوم به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی باسی ئه‌وێم بیستووه یان خوێندوومه‌ته‌وه( بۆ وێنه کتێبی "به‌فر" نووسینی ئورهان پامووک) ده‌زانم که ئه‌م وڵاته سیستێمێکی میلیتاری و پولیسی هه‌یه که "میت" تێیدا هه‌مه‌کاره‌یه، کاتێک نه‌جات له ئاێتن ده‌گه‌رێ بۆ پرسیار سه‌ری براده‌رانی "میت"یش ده‌دا که زۆر به دلۆڤانی نه‌جات نه‌سیحه‌ت ده‌که‌ن واز له گه‌ڕان به دوای ئاێتن بێنێ! ئه‌م هه‌ڵس و که‌وته که‌مێک به‌لامه‌وه سه‌ێر بوو، به‌ڵام له ئاخری فیلمه‌که له سپاسی زۆر که‌سان کرا بوو یه‌کیان "میت" بوو بۆیه ئیدی زۆر سه‌یر به‌رچاوم نه‌هات!
نازانم ئه‌م پیرێژن و پیره‌پیاوانه‌ی ده‌گه‌ڵ ئێمه ئه‌م فیلمه‌یان دیت ، هیچ ئه‌م فیلمه‌یان به دڵ بوو یا نا... ئێمه که به ناقایلی دانیشتین بۆ دیتنی، رازی هاتینه ده‌رێ.
۱۳۸۷/۰۶/۲۱
لێره و له‌وێ
نووسین یا نه‌نووسین؟ نا... هیچیش پرسیار نییه! له سه‌ر چی نووسین؟ بۆچی ده‌توانێ پرسیار بێ. هه‌ڵبه‌ت بۆ من نه‌ک که‌سیتر... وه‌ک خاڵۆ جارێک نووسیبووی من ده‌بێ یا بچم فیلم ببینم یا کتێب بخوێنمه‌وه تا خوای نه‌خواسته لێره شتێک بنووسم. بلێم چی ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو فیلم و کتێبه نه‌بی ژیان چی هه‌یه بۆ باس بێت؟ هه‌واڵ و خه‌به‌ری دونیا ئه‌وه‌نده ڕه‌ش و تاڵ و داهێزێنه‌ره(ئه‌وه ده‌بێ وه‌ک وشه؟) که هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی له سه‌ر کارێ ده‌گه‌ڵ هاوکاره‌کان باسی ده‌کرێ و پشوومان لێده‌برێ به‌سه!
به‌ڵام غه‌ره‌ز ئه‌مه‌یه باسی ئه‌و فیلمانه بکه‌م ئه‌م ماوه‌یه دیتوومه، هه‌تا بڵێی فیلمی جۆراوجۆرم دیتوه، به‌شێکیم هه‌ر له بیر نه‌ماوه ، یا ئه‌وه‌نده بێتام بوون بۆ له بیر مانه‌وه نه‌ده‌بوون، یان خه‌تا له بیر و هۆشی منه!
یه‌کێک له‌م فیلمانه که ئێستاش له بیرم ماوه، فیلمی نۆی" وۆدی ئاڵێن" بوو به ناوی " ڤیکی، کریستینا، بارسێلۆنا". له‌م فیلمانه‌یه که هه‌رچی زۆرتر بیری لێده‌که‌مه‌وه زۆرترم به دڵه. ئه‌م فیلمه بوو به هۆی ئه‌وه‌ی بچم زۆربه‌ی فیلمه‌کانی "وۆدی ئاڵێن" ببینم. ئه‌گه‌ر وه‌کوو من دانیشی له2 هه‌فتان دا هه‌موو فیلمه‌کانی ببینی تازه بۆت ده‌رده‌که‌وێ ئه‌م کابرایه چه‌نده حه‌وڵی له‌گه‌ڵ لێکدانه‌وه‌ی ئه‌خڵاق و مه‌زهه‌ب و سێکس و پێوه‌ندی نێوان مروڤان داوه و ئاخرێکه‌شی هیج وڵامی بۆ هیچیان نییه، زۆرتر وه‌ک زۆره‌بانییه‌ک که داوه‌ت ده‌کرێی ببینی و قه‌ت نازانی ئاخری کێ دۆراوه کێ سه‌رکه‌وتووه.
مرۆڤ له سه‌فه‌ر زۆر شت تاقیده‌کاته‌وه که له شوێنی خۆی به بیریشیدا نایه تاقیکاری ئاوا بکات، ره‌نگه سه‌فه‌ر ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ت ده‌داتێ خۆت بناسی، چه‌نده برواکانت ڕاسته‌قینه‌ن؟ چه‌نده بوێری خۆت تاقی که‌یه‌وه؟ یان چه‌نده ده‌توانی له چوارچێوه‌کان هه‌ڵێی؟ بارسێلۆنا و خه‌ڵکه‌که‌ی ده‌بنه هۆێه‌ک ویکی و کریستینا هاوینێکی جیاوازیان هه‌بێ. وه‌فا، به‌ڵێنی، ئه‌خڵاق، بایسێکشوال، و ... وشه‌کانن که دانه دانه ده‌چنه ژێر پرسیار یان بڵێین باشتره ناو لێنان له سه‌ر هه‌ر شێوه ئاکارێک خۆی ده‌بێته هۆی چارچێوه‌یه‌کی نوێ و زیندانێکی ئه‌خڵاقی نوێ. چار چییه؟ ڕه‌نگه به‌س ئه‌وه‌بێ واز بێنین له ناو له سه‌ر نان. ئاوا مرۆڤ ده‌توانێ هه‌ڵبژێرێ چۆن به دڵی خۆی بژی بێ ترسان له هه‌ڵسه‌نگاندنی که‌س. خۆتی و پێوانه‌کانی خۆت، وه‌ک ئه‌وده‌مه‌ی له سه‌فه‌ردای!
-------------------------------------------------------
باسی کتێبه‌کانی خوێندومه‌ته‌وه ناکه‌م، به ته‌مام هه‌ر کتێبێکی نوێ بخوێنمه‌وه له "shelfari " کورته‌یه‌کی له سه‌ر بنووسم( به کوردی) بۆ تاقیکردنه‌وه یه‌کدانه‌م نووسیوه، لێره چاوی لێبکه‌ن.
۱۳۸۷/۰۳/۲۶
گه‌ڕانه‌وه
ویستم بابه‌تێکی سی مانگ پێش نیوه نووسیبووم ته‌واوی که‌م ، به‌ڵام هه‌رچی کردم بۆم ته‌واو نه‌کرا، لێی گه‌رام تا ماوه‌یه‌کیتر...
بۆ چرکه‌یه‌ک دڵته‌نگی نووسین لێره بووم ، هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی بیری "ماڵێ" ده‌که‌ی. ئه‌وه‌نده "ماڵێ" نه‌ماوه، ماڵی "ماڵێم" گوازتۆته‌وه ئێره... جار جار بێ ئه‌وه‌ی ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌کان داخه‌م جێی دێڵم، جار جاره‌ش بیری ده‌که‌م و ده‌گه‌رێمه‌وه ...
تا گه‌ڕانه‌وه‌یه‌کی‌تر !
۱۳۸۶/۱۲/۰۲
ئاور
تێنینی: شوێنی کاری من راست له پشت ئه‌م بنایه‌یه!
۱۳۸۶/۱۱/۱۷
۱۳۸۶/۱۱/۱۴
دیا
ده‌ڵێم: ئه‌وه چییه؟ ده‌ڵێ: هه‌ر ئه‌وه‌ی ئێستا تی‌وی باسی کرد! ده‌ڵێم: نه‌مدیت، چ بوو؟ ده‌ڵێ: ئه‌وه شتێکی "خوارده‌منییه"، بۆ منداڵ باشه بیخوا!
بیر ده‌که‌مه‌وه شه‌رت بێ زۆربه‌ی خه‌ڵکی سابلاخێ وشه‌ی "خوارده‌مه‌نی" به کار ناهێنن و هه‌ر نه‌شیان بیستووه، ئه‌م جوجه‌ڵه‌یه که هێشتا نه‌بۆته 4 ساڵانه چۆنی ده‌زانێ؟ دیاره بیستویه‌تی، به‌ڵام ئه‌وه‌نده دروست وشه کوردیه‌کان به کار دێنێ هه‌ر ده‌ڵێی هێله‌گێکی له ناو مێشکی دایه بۆ هه‌ڵێنجاندنی ئه‌وه‌ی ده‌بێ بگوترێ.
که‌مێک دواتر کتێبێکی بۆ هێنام گووتی ئه‌وه‌م بۆ بخوێنه‌وه، کتێبی "دایه مه‌مده به گورگی!" ... دوو سێ به‌یتم بۆ خوێنده‌وه خۆم ترسام له وشه‌کانی له‌م کتێبه به‌کاریان هێنابوو و وازم هێنا، "دیا" ش که هیچ هیوای به خوێندنه‌وه‌ی من نه‌ما خۆی ده‌ستی کرد به گووتنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی تا ئێستا له منی بیستبوو و هه‌روا له زه‌ێنی خۆیه‌وه و له رووی وێنه‌کان چیرۆکه‌که‌ی ئیدامه‌دا، بروا بکه‌ن ئه‌وه‌ی دیا سازی کردبوو زۆر له هی نووسه‌ری کتێبه‌که‌ی خۆشتر بوو. لانی که‌م زۆر ناسک‌تر و شیرین‌تر!
لێره تا بڵێی کتێب و چیرۆکی تاێبه‌ت بۆ مناڵان هه‌یه، به ئه‌رخه‌یانی بچی ناو هه‌ر کتێبخانه‌یه‌ک له به‌شی مناڵان به ده‌ستی پڕ دێیه‌وه ده‌رێ بێ ئه‌وه‌ی بترسێی که ئه‌م کتێبه‌ی بۆ مناڵه‌که‌ت وه‌ریده‌گری بابه‌تی خوێندنه‌وه بۆی نه‌بێ. به‌ڵام دیا زۆرتر حه‌زی له بیستنی کوردیه( ڕه‌نگه بچێته مه‌دره‌سه‌ی وا نه‌مێنێت، به‌ڵام ئێستا زۆرتر حه‌زی له کوردییه.) کتێب و چیرۆکی تاێبه‌ت به مناڵان که به کوردیش هه‌یه زۆر جێی متمانه نین ئه‌وه نمونه‌که‌ی: دایه مه‌مده به گورگی! به‌خوا ئه‌وه‌ی من له بیرمه ئه‌وه‌نده ترسناک نه‌بوو! له خۆرا نییه ئه‌و براده‌ره ئاوا داخ به دڵه!
۱۳۸۶/۱۱/۰۹
کوردایه‌تی
یه‌کێک له‌م کۆبوونه‌وانه ئاهه‌نگی هه‌ڵپه‌رکیی کوردیه، حیزب و پارتێکانی 3 پارچه‌ی کوردستان (ئاگام له پارتی پارچه‌ی چوارمی کوردستان نییه!) بۆ کۆبوونه‌وه‌کانی خۆیان ئه‌م به‌زمانه دروست ده‌که‌ن و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رنجی هه‌موو گێتۆی کوردی ڕاکێشن گۆرانیبێژ و ده‌سته‌ی مۆسیقا بانگ هێشتن ده‌که‌ن و "بلیت" ده‌فرۆشن و هه‌لپه‌ڕکێ داده‌مزرێنن. خۆتان ده‌زانن کانادا له‌م سه‌ری دونیایه و نرخی داوه‌ت کردنی گۆڕانیبێژ له سه‌ر برایانی حیزبی گران ده‌که‌وێ و به پێی مه‌قبووڵ بوونی گۆڕانیبێژ ئه‌م نرخه‌ش سه‌ر و خوار ده‌کا! یه‌کی وه‌کوو منی موسیقا نه‌بیستووش دڵی به‌مه خۆشه پاره‌ی تیکێتی ده‌دا و "گۆڕانی زیندو"ی گوێ لێده‌بێ و تاقه‌تی هه‌ڵپه‌رکێشی بوو ئه‌وه دوو سێ خولان ده‌ستی گه‌ڕی هه‌ڵپه‌رکێ ده‌گرێ و چش با دوو سێ سوخه‌نرانی و به‌یانییه و به‌ڵێننامه‌ی حیزبیشی گوێ لێبێ، یان بڵێین ئه‌گه‌ر گوتییان به‌رنامه کاتژمێری 7 ئێواره ده‌ست پێده‌کا حه‌وڵ ده‌دات بۆ 9 له ئه‌وێ بێت، چوون ئه‌م دوو کاتژمێره ده‌روا بۆ قسه هه‌زار جار دووپات کراوه‌کان!
ئه‌م 9 ساڵه پڕ بۆ له کۆبوونه‌وه‌ی ئاوا و ئاخر به‌رنامه‌ی که لێی بووم ده‌توانم بڵێم هیچ جیاوازییه‌کی ده‌گه‌ڵ هه‌وه‌ڵ به‌رنامه نه‌بووه و پێم وا نییه 9 ساڵیتریش جیاوازی هه‌بێ. به‌س فه‌رقی هیوایه‌که که من 9 ساڵ پێش هه‌مبوو و ئێستا نه‌مماوه! هیوای ئه‌وه‌ی "گێتۆ"ی ئێمه به پێی کات شت فێر بێ و که‌م و کوڕیه‌کانی ببێته په‌ند بۆ داهاتووی، ئه‌م هیوایه مرد و نامه ناو گۆڕ! ئێستا ئه‌گه‌ر بچم بۆ هه‌ڵپه‌رکیی کوردی به‌س ده‌چم بۆ دیتنی دۆست و ئاشنایان که کاتیتر کاتم نییه بیانبینم! بۆ ئه‌وه‌ی زۆر به ڕه‌شبینم نه‌زانن باسی هه‌ڵپه‌رکیی دووی ڕێبه‌ندانتان بۆ ده‌که‌م که ئه‌م شه‌ممه‌ی ڕابردوو بوو. قه‌وڵ وا بوو "شوان په‌روه‌ر" گۆڕانیبێژی ئه‌م جاره بێت و ئه‌مه بوو به هۆی ئه‌وه‌ی بچم بۆ ئه‌م هه‌ڵپه‌رکییه، پێم وابوو ئه‌م جاره جیاواز ده‌بێ، که بوو!
که گه‌ێشتمه به‌ر ده‌رگای ساڵۆنه‌که و داوای بلیتم کرد(هه‌ڵبه‌ت ساعه‌ت 9!) گوتییان چون جێگه‌ی دانیشتن نه‌ماوه بلیته‌که هه‌رزانتر ده‌فرۆشن(نه‌ک ئه‌وه‌ی جێگا نه‌ماوه ناێفرۆشین!)
ده‌ی بلیتم وه‌رگرت و ئاشنایه‌ک هات و له جێی سڵاو و چاک و خۆشی گووتی: ئه‌وه ئه‌تۆش لێره‌ی؟ له که‌یه‌وه بووی به کورد؟!!! گوتم ببوره ئه‌م جاره له پیتم ده‌رچوو!
چوومه ژور و له سه‌ده‌قه‌ی سه‌ری برایانی کورد که هه‌موو له ده‌ره‌وه خه‌ریکی خواردنه‌وه بوون جێگای دانیشتنمان وه‌گیر که‌وت!
کابرایه‌ک خه‌ریکی گۆڕانی به‌زم بوو و ئاره‌زو و ده‌رزی و ده‌زوو و زوبه‌زووی تێک ده‌کرده‌وه و خه‌ڵک خۆیان له ئه‌رز ده‌کوتا، شه‌رت بێ ئه‌وه‌ی ده‌ێگووت خۆشی نه‌یده‌توانی بیڵێته‌وه!
نزیک کاتژمێر 10 گوتییان ئه‌وه شوان هات، خه‌ڵک هرۆژمییان برد بۆ لای سێنی موسیقاژه‌نه‌کان هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی به‌ره‌و پێشوازی بووک و زاوا ده‌چن. دوای چه‌ند خولێک هه‌را و چه‌پڵه‌لێدان و فڵاشی کامێرا ، شوان داوای لێکردن که له سه‌ر جێی خۆیان دانیشن! خه‌ڵکیش کامێرا به ده‌ست له سه‌ر جێی خۆیان دانیشتن، هه‌ر وه‌ک ئه‌و ده‌می له مزگه‌وت بۆ وه‌عزی شیخ عیزه‌دین داده‌نیشتن! گووتم وه‌ڵا عاقل بوون! دوای کورته‌یه‌ک سپاس شوان تێیهه‌ڵکرد و یه‌کێک له گۆرانی- سرووده‌کانی خه‌مباری خوێند و میله‌تیش خه‌نی خه‌ریکی فڵاش لێدان و هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی چرکه به چرکه‌ی ئه‌م ده‌مه بوون( خوا خه‌زه‌ب له دیجیتاڵ گرێ که هه‌تا منیشی کردۆته فۆتۆگرافێری پرۆفێشناڵ!!) سه‌رتان نه‌هێشێنم که دوای ئه‌م گۆرانییه هه‌ستی هێند که‌سێک بزووت و ده‌ستیان کرد به گوتنی "بژی ئاپۆ"! جا قه‌دیمی گووته‌نی: تڕ به ته‌وه‌رداسی چی؟ نازانم! ئه‌وه بوو به هۆی ئه‌وه‌ی شوان وه‌بیری ئه‌رکی روناکبیری هونه‌رمه‌ند بکه‌وێت و له جیی به‌رده‌وام بوون به خوێندن ده‌ست بکا به سوخه‌نرانی باسی کورد و کوردستان، به‌ڵام له به‌ر ئه‌وه‌ی ئێکۆی میکرۆفۆن نه‌کوژابۆوه من ته‌نانه‌ت له وشه‌یه‌کیشی نه‌گه‌یشتم که باسی چ ده‌کات، هه‌ر پێم وا بوو ئه‌وه یه‌کێک له سروده بێ موسیقاکانێتی!
ماوه‌ی نیو ساعه‌تێک ئاوا گوزه‌را و شوان تێیهه‌ڵکرد له گۆڕانیه‌کیتر، خه‌ڵکیش "له‌منایه"* نییه ده‌مێکه فیری سه‌ر کورسی بوون، قونیان ته‌زیبوو یه‌ک یه‌ک هه‌ستان و بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌تاڵ نه‌رۆن وێنه‌یه‌کی یادگاریان ده‌گه‌ڵ شوان هه‌لده‌گرت! شوانیش هه‌رکه‌س ده‌چوو وێنه‌ی ده‌گه‌ڵ هه‌ڵگرێ بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌که‌ی خوار و خێچ ده‌رنه‌چێ ده‌ستی له گۆرانی گووتن هه‌ڵده‌گرت تا وێنه ته‌واو ده‌بوو و یه‌کیتر ده‌هات!
سه‌رتان نه‌هێشێنم کاری میله‌ت ئه‌وه بوو سه‌ره‌یان به‌ستبوو بۆ وێنه هه‌ڵگرتن له‌گه‌ڵ شوان و کاری شوانیش ئه‌وه بوو زوو زوو گۆرانییه‌که‌ی هه‌ڵپچرێ و ئه‌وه‌ی بیره‌وه‌ری خۆشی له گۆڕانییه‌کانیم هه‌بوو خه‌وش کاته‌وه! له کاتی گۆرانی "جانێ جانێ جانێ وه‌ره مه‌ێدانێ"(نازانم دروسته یا نا) دوو سێ وێنه‌ی ڕێبه‌رانی شه‌هیدی حیزبی دێموکرات به ده‌ست سێ که‌سه‌وه بوو که به ریتمی ئه‌م ئاهه‌نگه وه سه‌ما که‌وتن، یه‌کێک له‌م لاوه گووتی: وه‌ڵا قازی فه‌قیریشیان وه سه‌ما خست!
نزیک کاتژمێر 12، شوان ئێستا 4 گۆڕانی نه‌گووتبوو یه‌کجێ بێسه‌ر و شوێن چوو و هه‌ڵپه‌رکێ کۆتایی هات! هاتمه‌وه ماڵی و بریارم دا ئیتر که‌متر ئاوا کوردایه‌تی بکه‌م، لێم نایه با خۆ خوێنتاڵ نه‌که‌م!
بژی موسیقای مردوو، خێرمان له هی زیندوو نه‌دی!
-----------------------------------------------------------------------------------
* له‌منایه= له من وایه( ئه‌وه به یادی پوورم ئاوام نووسی)
۱۳۸۶/۰۹/۱۵
مارکێز
هه‌فته‌ی پێش ئاخر کتێبی مارکێزم خوێنده‌وه، "بیره‌وه‌ریی سۆزانییه خه‌مباره‌کانم". هه‌وه‌ڵ شت به بیرم دا هات ئه‌وه بوو که مارکێزیش وه‌کوو من پیر بۆ، به‌س به دوو شێوه‌ی جیاواز. من ئه‌و چیرۆکانه‌ی خوێندومه‌ته‌وه له بیرم نه‌ماوه و ئه‌و به چیرۆکێکی نوێ ده‌تباته دونیای پیره‌مێردێکی 90 ساڵانه، دونیایه‌ک دوور له چوارچێوه ناسراوه‌کان بۆ پیره‌مێردێک. ئاخر نییه خۆێشی پیر بۆ و وه‌کوو پیره‌مێرده‌که‌ی ناو چیرۆک خۆ لاده‌دا له به پیردانانی خۆی. پیره‌مێرد بۆ ئه‌وه‌ی به خۆی بسه‌ڵمێنی هێشتا پیر نه‌بۆ کچۆله‌یه‌کی 14 ساڵانه بۆ ساڵرۆژی له داییک بوونی به خۆی هه‌دیه ده‌دات و مارکێز بۆ سه‌ڵماندنی ئه‌وه‌ی هێشتا پیر نه‌بۆ بناخه‌ی چیرۆکێکی نوێ داده‌مه‌زرێنێ... چیرۆکی ئه‌وین و ناسینی ئه‌وین بێ ته‌مه‌نای سێکس! هه‌موو په‌له‌قاژه‌ی پیره‌مێردی ناو چیرۆک ئه‌وه‌یه بوونی خۆی به‌م شێوه‌یه‌ی ساڵییانه هه‌یه به سه‌ر ئه‌وانیتر داسه‌پێنێ و "مانی" هه‌ست پێ‌بکرێ، هه‌ر بۆیه به پێشنیاری دوکتوره‌که بۆ راحه‌تکردنی پشیله پیره‌که‌ی تێک ده‌چێ، پشیله‌یه‌کی که زۆر ئۆگری نییه به‌ڵام وه‌ک خۆی ده‌ێبینێ.
له به‌ر نزیکی دیتنی ئه‌م فیڵمه و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م کتێبه، سه‌رنجم بۆ نزیکی کارێکتێره‌کان و دووپات بوونه‌وه‌ی وه‌سفه‌کانی ئه‌م دوو چیرۆکه چوو. ئه‌م نزیکییه له ناو شتی زۆر بچووک و ناسکدا بوو، وه‌کوو شێوه‌ی به ڕێگا ڕۆێشتن و وه‌سفی ژووره‌کان و کارێکتێره‌کان و جل و به‌رگه‌کان... وته‌نانه‌ت ژماره‌ی ژنانێک که پیاوگه‌ڵی قاره‌مانی چیرۆک ده‌گه‌ڵیان خه‌وتوه! ده‌تگووت که ئه‌م چیرۆکه هه‌ر ئیدامه‌ی چیرۆکی پێشوویه، ناتوانم بڵێم له شوێن و کاتێکتردا چون شوێن هه‌مانه و کات دیار نییه!
بزانم دوای ده- پانزه ساڵی‌تر چیم له‌م چیرۆکه له بیر ده‌مێنێ!
۱۳۸۶/۰۹/۰۵
۱۳۸۶/۰۹/۰۱
پێغه‌مبه‌ری ئه‌و زه‌مانه
له ئامریکا هه‌زاران فیرقه و مه‌زهه‌بی جۆراوجۆر هه‌یه که تا کاتێک یاسای فێدێراڵ تێک نه‌ده‌ن که‌س کاری به کاریان نییه، ڕه‌نگه خودا خودایان بێ که خه‌ڵک خه‌ریکی ئه‌م کاڵت و فیرقانه بن و کاریان به سیاسه‌ت و ده‌وڵه‌ت نه‌بێ! به‌ڵام دینی ئه‌م پێغه‌مبه‌ره که‌مێک ناکۆکه ده‌گه‌ڵ یاساکانی فێدێراڵی ئامریکا، چون پیاو کاتێک له‌م دینه دا له خوا نزیک ده‌بێته‌وه که لانی که‌م 3 ژنی هه‌بێ! جه‌نابی پێغه‌مبه‌ر که دیاره له خوا نزیکه هه‌ر خوێ ته‌نیا 70 ژنی هه‌یه! جه‌نابی پێغه‌مبه‌ریش که نزیکه‌ی شه‌ش تا ده هه‌زار که‌س مریدی هه‌یه، زوو زوو ده‌بێ ژماره‌ی نێرینه‌کانی تایفه‌که‌ی که‌م کاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست زۆر نه‌بێ له رێی گه‌ێشتن به خوا! بۆ وێنه چه‌ند ساڵ له‌وه‌پێش 400 کوڕی له تایفه‌که‌ی وه‌ده‌رنا به هۆی گوێدان به موسیقای ڕاک!! له ئه‌سڵدا ڕه‌قیبی که‌م کرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ژن بۆ ئه‌وان که‌م نه‌یه و دینه‌که‌یان هه‌ر وا قاییم بمێنێ!
ده‌ی ئه‌م 10 هه‌زار که‌سه بۆ وا ده‌سته‌و وه‌ستانن و دێڵن پێغه‌مبه‌ر هه‌رچی پێی خۆشه ده‌گه‌ڵییان بکات؟ هۆیه‌که‌ی هاسانه، ئه‌م مریدانه هه‌موو له دوو شار کۆ بوونه‌وه و یه‌کێک له ئه‌ساسی دینه‌که‌یان ئه‌وه‌یه که ئه‌وان ناتوانن خاوه‌ن هیچ بن و هه‌ر چی هه‌یانه هی کلیساکه‌یانه! بڕیارده‌ری کلیساش که‌س نییه جه‌نابی پێغه‌مبه‌ر نه‌بێ. هه‌ر وه‌ها ئه‌م بونه‌وه‌رانه وه‌کوو هه‌موو ئیمانداران وا ده‌زانن هه‌رچی پێغه‌مبه‌ره‌که‌یان بڵێ ڕاسته و ده‌بێ ملی بۆ که‌چ که‌ن! پێغه‌مبه‌ر له هه‌ر که‌س تووڕه بێ ده‌توانێ له ماڵی خۆی ده‌ری کات و ژن و منا‌ڵیشی لێ بستێنێته‌وه و بیدا به برای دینییه‌کیتر!
ئه‌وه‌ش به‌رهه‌می رۆژێک بی‌کاری و خوڵانه‌وه به ئینتێرنێت و هه‌واڵان!
۱۳۸۶/۰۷/۲۰
ئێواره
له بێکاریان دانیشتبووم ئیمه‌ێله کۆنه‌کانی ساڵانی دوور و پڕ له چه‌نه‌بازیم ده‌خوێنده‌وه، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وانی مابوون و پاکنه‌کرابوونه‌وه، خوا ده‌زانێ له‌م 9 ساڵه دا که بێ ئینتێرنێت نه‌بووم چه‌نده‌م ئیمه‌ێڵ بۆ هاتووه و چه‌نده‌ی نه‌ماون! شتێکی گۆڕدراوه ئه‌وه‌یه غه‌یری شڕه ئیمه‌ێڵ( junk ) هه‌ر دوو که‌س ئێستا ئیمه‌ێلم بۆ ده‌نێرێن و زۆربه‌ی ئه‌وانیتر وازیان هێناوه. هه‌ر بینا ئه‌م دوو که‌سه‌ش وازیان هێنا و نیشانێکانم قوم بوون له ناو شڕه ئیمه‌ێلاندا! ڕه‌نگه ئه‌وکات کاتی چاک بێ بۆ واز هێنان له نیشانێکانم...
۱۳۸۶/۰۷/۱۱
ئینشاڵا کورد نییه!
ئه‌مرۆ به‌یانی هه‌واڵه‌کانی ناو رۆژنامه باسییان کرد که "کۆمه‌لی کوردانی تورێنتۆ" سه‌رسوورماوه له‌م کاره‌ساته! وادیاره بنه‌ماڵه‌که کورد بوون! وه‌بیر نه‌قڵی کابرای کۆمێدیه‌نی ڕه‌ش که‌وتم که ده‌ێگووت هه‌رجاره‌ی هه‌واڵی دزی و کوشتن و توند و تێژییه‌ک له تی وی بڵاو ده‌بێته‌وه هه‌موو ڕه‌شه‌کان ده‌ست به دۆعا و پاڕانه‌وه له به‌ر عیسا و مو‌سا و محه‌مه‌د ده‌بن نه‌کا کابرا ڕه‌ش بێ! ده‌نا به‌یانی خه‌ڵک به توڕه‌یی و بێزاری چاوله هه‌ر چی ڕه‌شه ده‌که‌ن... ئاخر وه‌نێ هه‌موو ڕه‌شه‌کان خزمی یه‌کن و "بران" تاوانی یه‌کییان ده‌بێته تاوانی هه‌موویان!
منیش له دوێنێشه‌و که هه‌واڵی ژن کوژیم بیست ده‌بوو ده‌ستم کردبا به پارانه‌وه و دۆعا... وه‌نێ ژن‌کوژی به باڵامان بڕاوه!
۱۳۸۶/۰۶/۳۰
Jesus
ئێواره: له ده‌رگای سه‌ر کاره‌که‌م به په‌له هاتمه ده‌رێ زوو بگه‌مه باس، له تاقه پلیکانی به‌رده‌رگا به بێ هیچ هۆیه‌ک لاقم بادرا و که‌وتم. بۆ تاوێک هه‌ناسه‌م نه‌هاته ده‌ر له به‌ر ژانی زۆری گوێزینگم، که‌مێک به ده‌ست تاقیم کرده‌وه بزانم ئێسکه‌کانی شکاون یا نا. دیتم ده‌توانم به شه‌له شه‌ل برۆم و به‌رده‌وام ڕۆێشتم بۆ لای باس. تا گه‌ێشتمه‌وه ماڵێ له به‌ر ژانی لاقم تاقه‌تم نه‌مابوو. بۆ به‌یانی زانیم یه‌کێک( یا چه‌ند دانه؟؟؟) له‌م روباتانه‌ی(به کوردی نازانم چییه) لای گوێزنگم پساوه. ئه‌وه له‌وه‌تی جیزز یا هه‌مان عیسای خۆمان خۆشی ده‌وێم ئه‌وه هه‌ر به‌ڵام به سه‌ر دێ....چاوه‌رێم بۆ دووشه‌مه که ده‌چمه‌وه چاو بگێرم له خاتوو په‌پووله، به‌ڵکوو ئه‌و بتوانێ به جیزز ڕابگه‌ێه‌نێ واز له خۆشه‌ویستی من بێنێ ، من به‌رگه‌ی ناگرم!
--------------------------------------------------------------------------------------
به‌ڵام هه‌ڵپه‌رکێی میراتی کورد له تورێنتۆ.. چۆۆم و هه‌ڵپه‌ریشم به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی کات به سه‌ردا چوو له بیرم چۆته‌وه چۆناوچۆن غه‌ێبه‌تی بکه‌م.... بۆیه ڕاوه‌ستن تا ساڵی داهاتوو...
۱۳۸۶/۰۶/۱۶
چه‌ند باس و خواس پێش قه‌ومان!
ئه‌گه‌ر چووم بۆم هه‌یه هه‌ڵپه‌ڕم یا بۆم نییه؟
چاو لێره که و پێم بڵێ که کاتێک هه‌موو گۆڕانی بێژه‌کان کاکی سمێڵ فشن و هه‌موو ئه‌وانی خه‌ریکی هه‌ڵپه‌رکێن هه‌روه‌تر، به‌زم و بیساتی نیشانه شناسی ده‌ڵێ منی زه‌عیفه هه‌رده‌بێ دانیشم و بینه‌ر بم... ئه‌وه‌ش نه‌قلی "هه‌ریتێج"ه‌که‌مان... ده‌بێ مرۆڤی عاقڵ ئیشاره‌یه‌کی به‌س بێ!
به‌ڵام خۆ من عاقڵ نیم بۆیه هه‌ر ده‌چم... باقی باس و خواس و غه‌ێبه‌ته‌کان بۆ دوای هاتنه‌وه!
۱۳۸۶/۰۶/۰۹
۱۳۸۶/۰۴/۲۶
نامه
ئه‌م پێنج ساڵه لایه‌ک و ئه‌م چه‌ند ڕۆژه لایه‌ک!
۱۳۸۶/۰۲/۲۹
هه‌واڵی دووپاتکراوه
دوێنێشه‌و که کۆنترۆڵی تی‌وی سه‌رگه‌ردان ده‌سووڕاوه له سه‌ر CNN گیرساوه. ئه‌م کابرایه که زۆرم ڕق لێیه (لاری کینگ) خه‌ریکی وت‌و وێژ له‌گه‌ڵ کابرای به ناوبانگی پڵێی بۆی و سێ دۆسته کچه‌که‌ی که به یه‌که‌وه له ماڵێکدا ده‌ژین، بوو. گۆیا یه‌کێک له‌م ناسکه کچانه به ته‌مایه شوو بکاته کابرای 80 ساڵه‌ی به ناوبانگ و خاوه‌ن پاره، ئه‌مه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه بێنه سه‌ر تی‌وی و بیکه‌ن به رێیالیتی تی‌وی و کابرا که‌مێکیتریش ده‌وڵه‌مه‌ند بێ پێی و ئه‌م کچانه‌ش به ناوبانگ.... به خۆم ده‌ڵێم به من چی ژیانی خۆیانه! با بیفرۆشن به پاره و ناو... که‌مێک دواتر به‌رنامه ده‌گۆڕدرێ و پێشه‌کی کورته‌یه‌ک له باسه‌کان نیشانده‌دا که به‌شێکی له سه‌ر کوشتنی نامووسییه و بۆ چرکه‌یه‌ک وێنه‌ی دۆعا دێته سه‌ر تی‌وی... داده‌نیشم به دیاری.... پێکه‌نینم دێتێ به ئه‌م فشه‌یه و دوا به دوای یه‌ک هاتنی ئه‌م دوو پرۆگرامه! کابرای ڕاوێژه‌ر باسه‌که هه‌ر به‌م شێوه‌ی بیستومانه باس ده‌کات و دوو سێ که‌سی شاره‌زا که ئه‌ز قه‌زا دوویان کوردن دێن و قسه‌ی هه‌زار پات کراوه ده‌ڵێن. ئه‌نجامی قسه‌کان ئه‌وه‌یه که له‌م وڵاته وێران بووه هه‌ر که‌س ده‌توانێ و به خۆێ ئیزن ده‌دا خاوه‌ن گیان و که‌سایه‌تی ئه‌ویتر بێت، چ ئه‌وانی دۆعا به‌رده‌باران ده‌که‌ن، چ ئه‌وانی به تاوانی ئه‌و یه‌زیدێکانیتر گوله‌باران ده‌که‌ن، چ من و تۆ که پاڵ ده‌ده‌ێنه‌وه و قسه‌ی حه‌له‌ق مه‌له‌ق ده‌که‌ێن. هه‌موو خۆیان به‌رپرس ده‌زانن به هۆی خواکانیانه‌وه! به‌س نازانن " ده‌مێکه خواش ئه‌م وڵاته‌ی به جێ هێشتووه"*
بیر ده‌که‌مه‌وه، بریا خوا مه‌عنه‌ویه‌کانمان گۆڕیباوه به پاره، ئاوا بوونیت هه‌ست پێده‌کرد و په‌له‌قاژه‌ت بۆ وه‌ده‌ست هێنانی به پێی دیار بوونی ده‌بوو (وه‌کوو ئه‌م کچانه‌ی پڵێی بۆی) ! ئه‌وه‌نده‌ش به قه‌در نه‌ده‌بوو که گیانی خۆتی بۆ فیدا که‌ی، که نه‌تتوانی وه‌ده‌ستی بێنی لێی خۆش ده‌بووی..
---------------------------------------------------------------------
زۆرم پێ خۆشه بابه‌تێکی ڕێک و پێک له لایه‌ن شاره‌زایه‌کی مێدیاوه بخوێنمه‌وه که ئاڵ و گۆڕی هه‌واڵ و بڵاو بوونه‌وه‌ی ڕاستییه‌کان به‌م شێوه‌ی ئێستا هه‌یه باس بکات. چه‌نده مێدیایه‌کی ئازاد وه‌کوو ئینتێرنێت ده‌توانێ شوێن دا بنێ له سه‌ر بیر کردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌کان؟ بۆ وێنه ماوه‌یه‌ک له‌مه پێش له وێبڵاگی "هه‌رێمی هیچ " دا ئه‌م بابه‌ته‌م خوێنده‌وه:
ئیزه‌دی و موسڵمان له شێخان کردیان به شه‌ڕ. کچێکی کورد له‌گه‌ڵ کوڕێکی ئیزه‌دی دڵداریان کردووه و غیره‌تی موسڵمانه‌کان قه‌بوڵی نه‌کردووه و چوون کچه‌یان کوشتووه و وابزانم کوڕه‌شیان کوشتوه و دوایی هێرشیان بردۆته سه‌ر په‌ره‌ستگاکانی ئیزه‌دییه‌کان و ئاگریان تێبه‌رداوه و بۆته شه‌ڕ له نێوان کورده موسڵمان و کورده ئیزه‌دییه‌کان.
وه‌ک بزانم ئه‌م بابه‌ته وه‌کوو هه‌واڵ بڵاو بۆته‌وه ، نه فیلمێکی بڵاو بۆته‌وه نه ده‌نگی له مێدیای گشتی بڵاو بووه. پێم وا نییه ئه‌م هه‌واڵه که‌متر له هه‌واڵی دۆعا دڵته‌زێن بووبێت به‌ڵام فیلمێک که بڵاو بووه ئه‌م هه‌سته‌ی زۆر دڵته‌زێنتر گه‌یانده مرۆڤه‌کانیتر! هه‌وه‌ڵ گۆپاڵیشمان له فیڵمهه‌ڵگر هه‌ڵێناوه که بۆ له جێی حه‌وڵدان بۆ نه‌جاتی کچه خه‌ریکی وێنه و فیڵمهه‌ڵگرتنه. به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه بوو به هۆی ئه‌وه‌ی گشت مێدیاکانی دونیا ئه‌م هه‌واڵه ببیستن و باسی که‌نه‌وه( باسی شێوه‌ی باسه‌که‌یان و به‌رهه‌می ئه‌م باسانه ناکه‌م!) به‌س مه‌به‌ستم وه‌به‌ر چاو هاتنێتی!
-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
* ئه‌م قسه‌یه هی کابرای ناو فیلمی Blood Diamond ه!
- ئه‌م بابه‌ته به ئیزنی "من و خوا" زۆر "من و خوایی" ده‌رهات!
په‌ریله‌ی سه‌رئاڵۆز به جێی هێشتم و سه‌فه‌رنامه‌که‌شی ته‌واو نه‌کرد... دوو هێند تاوانباره!
۱۳۸۶/۰۲/۱۶
سەفەرنامەی سەرئاڵۆزێک- به‌شی دووەم
خۆشی سه‌فه‌ر و سیاحه‌ت ئه‌وه‌یه که لێده‌خوڕی لێده‌خوڕی و پاش 3-4 کاتژمێر ئاژوشتن بۆت دەردەکه‌وێ به‌ڵێ ئه‌وه ڕێگه‌مان بزرکردووه. به‌ڵام باوه‌ڕ که‌ن له ئێمه خۆش ئیقباڵ تر نییه. هه‌ر جاره‌ی بزربووین سه‌رمان له شوێنێکی خۆشتر له‌وه‌ی به‌ته‌ما بووین بچین، دەرهێناوه.
شوێنه‌کان ئه‌وه‌نده خۆش بوون ئه‌وه‌نده خۆش بوون، خه‌ریک بوو له تاو جوانی و بێهاوتایی دیمه‌نه‌کاندا خۆمان له که‌نده‌ڵانێکدا بخه‌ینه خواره‌وه و یان له‌وه‌یش خراپتر بشعرێنین. جێتان خاڵی که له خۆشی خۆرئاوابوون و ئاوی شین و دارودەوەندا چۆن که‌وتبووینه هۆره گوتن.
ڕۆژی شه‌شه‌م: به‌ڕێکه‌وتن و لێخۆڕین له‌گه‌ڵ شۆفێری کارامه و گه‌یشتن به‌و شوێنانه‌ی لێی بزربووین و بووین به شاعیر و هتد. ده‌ڵێم ده‌وڵه‌مه‌ند چه‌نده خوا پێداون و چه‌نده شوێنی خۆش خۆش دەدۆزنه‌وه لێیبژین. هه‌رچه‌ند سه‌ره‌تاتکێمان کرد به‌ڵکو پیره‌پیاوێک، پیره‌ژنێک، کوره کچێکی نازدار بۆ کوڕه‌که‌م له‌و شوێنه خوا پێداوانه‌دا بدۆزمه‌وه که ژن و ژنخوازی بکه‌ین، که‌سمان نه‌دی به‌تاڵ بێت!
ڕۆژی حه‌وته‌م: دووکه‌ڵ و بۆن و پارلمانێکی های بوو...
هه‌ر هه‌مان ڕۆژی حه‌وته‌م... ناخۆشترین تام: بابڵ تی... ئاوی شووتی به تامی لاستیكی لینج له بنی دداندا!
به‌ڵام شۆفیری گوڵه‌گه‌نم خان گیان،
ڕه‌وان، ساف، به برێکی له‌ناکاو و ستۆپی چاوه‌ڕواننه‌کراو. ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێ فێری شوفێری به خێراترین کات ببیت، وه‌رن بۆۆۆۆۆۆۆۆ ئێره بۆ لای گوڵه‌گه‌نم خان گیان... به تایبه‌ت پسپۆڕ له پارککردندا به شێوه‌یه‌کی جوان و دروست!
ئاگاداری: ئه‌گه‌ر ژێر 18 ساڵیت، ئه‌گه‌ر نه‌خۆشی دڵ و گوشاری خوێنت هه‌یه، وا بزانه ئه‌و ڕیکلامه‌ی سه‌ره‌وه‌ت هه‌ر نه‌بینیوه.
مه‌چکۆ گیان، من له دوورم تۆ له دووری به‌مجۆره هیچ خۆش نییه دڵداری. چاوه‌ڕوانی یاپراخی له‌یلوووش وه‌کو چاوه‌ڕوانی گۆدۆ وایه... دۆڵمه لێنان فێر به تا دێمه‌وه!
۱۳۸۶/۰۲/۱۴
سه‌فه‌رنامه‌ی سەرئاڵۆزێک*
هه‌رکات گوڵه‌گه‌نم ده‌هاته لای ئێمه ده‌که‌وته پرته‌وبۆڵه: هه‌وای ئه‌وێ ناخۆشه، ئای سارده، ئای دڵم ته‌نگ بوو بۆ کانادا و ماڵه‌که‌ی خۆم و هه‌زار نازونووزی تر. ده‌ی ناهه‌قیشی نییه خانم خۆشه‌ویسته و به‌هه‌موومان هه‌وڵمان ده‌دا نازی بکێشین. به‌ڵام تو سه‌ری خۆتان، ئاخر که‌س هه‌یه مانگی دوو بێت بۆ ستۆکهۆڵم و داوای هه‌وای گه‌رمی مه‌یامی ئاسا بکات؟! ئێ له کورتیدا بیبڕمه‌وه که منیش به خۆم و ته‌شریفه‌کانمه‌وه هاتم بۆ ئه‌م وڵاتی ئه‌وبه‌ر ئاوه... چ بیبینم، خوایه چاوی دوژمنتانیش شتی ئاوهای به‌رچاو نه‌که‌وێت. گه‌واڵه هه‌وری بۆری چڵکن به ئاسمانی ناوچاو تووڕه‌ی ساردوسڕه‌وه نووساو، شار خۆڵه‌مێشیی ده‌کرده‌وه منیش که به ته‌مای خۆرێکی خۆشی وەکو لای که‌می وڵاته‌که‌ی خۆمه‌وه هاتبووم و به‌رگی نیوهاوینەم له‌بەر کردبوو چۆقه‌ی ددانم ده‌هات. ئه‌مه یه‌که‌م ڕۆژ...
دووه‌م ڕۆژ: کابرا دڵی خۆشه له ماوه‌ی 80 ڕۆژدا به‌دەوری زه‌ویدا خوولیداوه. ئینجا چییه منیش له‌ماوه‌ی 3-4 کاتژمێردا شه‌رق و غه‌ربی دنیام کرد و گه‌ڕامه‌وه بنکه‌که‌ی خۆم و ده‌ستکه‌وته‌کانیشم خواردنی خۆش و "دۆنات" بوو.
سێیه‌م ڕۆژ: ئایی ئه‌و هه‌موو ئاوه چۆن به ته‌وژم دێنه خواره‌وه! سوبحانه‌ڵا له گه‌ورەیی و عه‌زه‌مه‌تت! به‌ڕاستی جوان بوو. نازانم ئه‌و هه‌موو ژاپۆنییه له کوێوه په‌یدا بوون. ئه‌و هه‌موو ئاو و ژاپۆنییه!!! فێری قومارکردنیش بووم و عانه‌یه‌کم نه‌دۆڕاند بگره بردمه‌وه به‌ڵام چونکه گوڵه‌گه‌نم حه‌سوود بوو ئه‌و چه‌ند عانه‌یه‌ی بردبوومه‌وه پێی دۆڕاندم... خوایه گیان، من لێی خۆشده‌بم تۆ که‌یفی خۆته!
چواره‌م ڕۆژ: جارێکی دی بێیت و بڵێی هه‌واکه‌تان ناخۆشه، وێنه‌ی ئه‌م ڕۆژه‌ت پیشان ده‌ده‌م!
پێنجەم ڕۆژ: له‌م ڕۆژه‌دا به خۆمم گوت، مه‌رگ حه‌قه... غه‌ریب و ته‌نیا وه‌یلانی شاران بووم. ئه‌ی هاوار هه‌ی... کچه گوڵ له کوێییییییییی!!!
ئامۆژگاری؛ ئه‌گه‌ر هاتی بۆ لای گوڵ ده‌ستم دامێنت ئه‌گه‌ر پێیگوتی من کارێکم هه‌یه و ها ئه‌وه کامێرا بخه ملت و خۆت بگه‌یه‌نه ئه‌و گوزه‌ره و له‌وێوه ده‌چییه ئاسمان و شتی سه‌یر سه‌یر ده‌بینی، ده‌ستم دامێنت، دووبارەی ده‌که‌مه‌وه نه‌که‌ی وا بکه‌ی. ئه‌وه سه‌فه‌ری هات و نه‌هاته... ده‌چییه حه‌لحه‌له‌ی ئاسمان و ئه‌گه‌ر شانست هێنای دێته‌وه خوار ئه‌گه‌ر نا ئه‌وه انا لله وانا الیه را‌جعون! جا ئیدی ئه‌وه پێمگوتی نه‌ڵێی هیچت نه‌گوتووه!
ڕۆژی شه‌شه‌م: که‌شفم کرد فه‌تح و فتوحی ناپلیۆن ئه‌وه‌نده‌یش ئازایه‌تی ناوێت، به‌سه گۆره‌وییه‌کانت پیس و بۆگه‌ن بن بۆ ئه‌وه‌ی له‌شکری دوژمن به ڕاکردن گیانی خۆیان ڕزگار بکه‌ن. که‌وشه‌کانی ئاندێرا گاندیش له‌وه‌ی من ده‌چێت، ده‌ڵیی نا، له‌و کچه هندییه‌ی وێنه‌ی که‌وشه‌كانی ئه‌وی ده‌گرت بپرسه!
سه‌رئاڵۆز: ئه‌م ناونیشانه له پێشدا سه‌فه‌رنامه‌یه‌ک بوو، دوایی گۆڕا به سه‌فه‌رنامه‌ی ڕۆحێکی په‌رێشان، پاشتر به باشمان زانی بگۆڕدرێت به سه‌فه‌رنامه‌ی قژلوولێک. ئینجا گوڵه‌گه‌نم پێیوابوو قژلوول شیکه!!!!! کرا به سه‌رئاڵۆز! منیش ئاڵۆزم بۆ بیر بیستووه به‌ڵام چیبکه‌م خۆتان ده‌زانن میوان چی ساحیب ماڵه. هه‌ڵبه‌ته ده‌واری ساحێب ماڵه
۱۳۸۵/۱۲/۲۳
من چم ده‌وێ....
I will not
dance to your war
drum. I will
not lend my soul nor
my bones to your war
drum. I will
not dance to your
beating. I know that beat
it is lifeless. I know
intimately that skin
you are hitting. It
was alive once
and hunted stolen
stretched. I will
not dance to your drummed
up war. I will not pop
spin break for you. I
will not hate for you or
even hate you. I will
not kill for you. Especially
I will not die
for you. I will not mourn
the dead with murder nor
suicide. I will not side
with you nor dance to bombs
because everyone else is
dancing. Everyone can be
wrong. Life is a right not
collateral or casual. I
will not forget where
I come from. I
will craft my own
drum. Gather my beloved
near and our chanting
will be dancing. Our
humming will be drumming. I
will not be played. I
will not lend my name
nor my rhythm to your
beat. I will dance
and resist and dance and
persist and dance. This
heartbeat is louder than
death. Your war drum ain't
louder than this breath.
(dedicated humbly to June Jordan)
Suheir Hammad
۱۳۸۵/۱۲/۲۱
بێ‌کاری
به‌ڵێ دیسان بێکارم و له کارێ ده‌گه‌رێم، ورده ورده بڕوا به‌مه دێنم که من کار و کارفه‌رما فڕێندڵی نیم! نه من خۆشم له کار دێ نه کار خۆشی له من دێت بۆیه وه‌ک ته‌نبێ هه‌ر ده‌بێ له کار بگه‌رێم! ڕوی بابی پاره ڕه‌ش بێ که ده‌بێ کاری بۆ بکه‌ی، ده‌نا وازم لێ دێنا!
به‌شێک له رۆژ که خه‌ریکی بیر کردنه‌وه له کارم به خه‌یاڵ پڵاو ده‌گووزه‌رێ، 1000 بیری ئاڵۆز دێن و ده‌رۆن، 1000 کار و پیشه‌ی ده‌گۆڕم و ئاخری رۆژێ هه‌ر منم که له سه‌ر جێی خۆم دانیشتووم و سه‌رم ده‌خورێنم بزانم به‌یانی چ بکه‌م؟
یه‌کێک له‌م خه‌یاڵ پڵاوانه کردنه‌وه‌ی کتێب فرۆشییه، ده‌ڵێم ئه‌وه کارێکه به دڵمه! دوایی بیر له ئیندیگۆ و چه‌پتر ده‌که‌مه‌وه که تا ئه‌وان هه‌بن ، کوا ده‌توانم کتێب بفرۆشم، ئێره وڵاتی کاپیتالیسمه! ده‌ڵێم خۆ ئه‌وان کتێبی کوردی نافرۆشن، با بیکه‌مه کتێب‌فرۆشی کوردی، که‌مێک بیر کردنه‌وه به‌سه که بزانم به‌م کاره له برسان ده‌مرم، کورد که‌ی کتێب ده‌خوێنێته‌وه؟ دوایه کام کتێبی کوردی؟ به‌خۆم ده‌ڵێم دیسان له هیچ باشتره، بۆ ئه‌وه‌ی بازاره‌که خۆش بێ، قاوه‌خانه‌یه‌کی بچووکیش بکه‌وه له ناو کتێب فرۆشییه‌که بزانه خه‌رجی دووکانه‌که‌ت دێته ده‌رێ یا نا؟ ده‌ی قاوه‌خانه بیرێکی باشه به‌ڵام ده‌بێ یه‌کی سه‌ر و ڕو خۆش چای و قاوه بدات به موشته‌ری... ئه‌م چڕ و نێوچاوانه‌ی من بۆ قاوه‌چی نابێ، به‌سه جارێک چای له پێش یه‌کێک دانێم ئیدی ته‌رکی چای خواردنه‌وه‌ش ده‌کات! ده‌ێ ئه‌گه‌ر یه‌کێکیش دامه‌زرێنم ئه‌وه هه‌رچی به‌رهه‌می دووکانیش ده‌بێ ده‌بێته حه‌قده‌ستی کاری ئه‌و! ئێستا که وایه با هه‌ربیر له کار و کاسبی نه‌که‌مه‌وه و دیسان بگه‌رێم له کاری ماجبخۆری! که‌س هه‌یه کاری داتابێسی پێ شک بێ؟
۱۳۸۵/۱۱/۱۷
با وا بێ...
ئه‌و کات که گه‌نجتر بووم پێم وا بوو 35 ساڵ ته‌مه‌ن به‌سه بۆ ژیان، ئێستا که 35 م تێپه‌راندۆ ده‌زانم خۆ هێشتا نه‌ژیاوم و دووهێندیترم ژیان ده‌وێ! هه‌روه‌ها جاران پێم وا بوو که‌سێکی 37 ساڵه زۆر ده‌بێ گه‌وره و ماقوڵ بێ، به‌داخه‌وه ئه‌وانه‌ش هه‌ست پێ ناکه‌م، 20 ساڵ پێش خۆم چه‌ند پێ گه‌وره بوو ئێستاش هه‌ر ئه‌وه‌نده گه‌وره‌م، ماقوڵ بوونیش که هه‌ر هیچ باسی نه‌که‌ێن باشتره!
دیسان بگه‌رێمه‌وه جاران، جاران هه‌رکاتێک ته‌مه‌نم ده‌گووت زوو ده‌یانگووت ، نا لێت نایه ئه‌وه‌نده بی، گه‌نجتر دیاری! چه‌ند ساڵه که ته‌مه‌نم ده‌ڵێم که‌س هیچ ناڵێت! یانی گه‌وره بووم ئاخری ....